رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا پێشاندا و باس لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بۆ یانەکەی دەکات.
پێرێز دوای یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا و بردنەوەی نازناوەکە بۆ کەناڵی ریال مەدرید قسەیکرد و گوتی " من وەک هەموو مەدریدێستایەک، زۆر دڵخۆشم بەبردنەوەی یەکەم نازناوی ئەم ساڵ و ئەمە دەستپێکێکی زۆر باشە، ئێمە لەگەڵ راهێنەرێکی باش و کەسانی باشین، بۆیە رازین."
سەرۆکی ریال مەدرید زیاتر گوتی " هەمیشە دەمەوێت هەموو شتەکان ببەینەوە، ئەمە شتێکی نوێ نییە، لە منداڵییەوە کار بۆ ئەوە دەکەم، ساڵی رابردوو گەیشتمە 60 ساڵەی ئەندامێتیم لە یانەی ریال مەدرید، ئێمە بەمشێوەیە دروستبووین و زۆر دڵخۆشم بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی ئەم وەرزە."
پێرێز لەبارەی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ یانەکەی گوتی " هاندەران لێرە لە سعودیە داوای گواستنەوەی ئێمباپێم لێدەکەن، داواکاریی ئەوان بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە تەنیا لێرە نییە، هاندەران لە هەموو شوێنێک ئەو داوایەم لێدەکەن."
سەرۆکی یانەی شاهانە دەڵێت " بردنەوەی ئەم نازناوە بۆ ئێمە یانی زۆر، دەمانەوێت چەند گۆڕانکارییەک بکەین بۆ ئەوەی قۆناخێکی نوێ لەگەڵ راهێنەرەکەمان دەستپێبکەین کە هەموومان باش دەیناسین، ئێمە دڵخۆشین و بەپەرۆشین بۆ کاروانی داهاتووی یانەکە و ئەوەی هەموومان بەدوایدا دەگەڕێین بردنەوەیە."
فلۆرێنتینۆ گوتی " ئەوەی کە تاوەکو ئێستا لە یانەکەدا هەیە ئەوەیە کە من دەمەوێت، پێویستە لەسەر ئەم شێوازە بەردەوامبین، بەم شێوەیە دەتوانین بارودۆخەکان بگۆڕین، من زۆر رازیم بۆ ئەوەی کە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا بەدەستمانهێناوە."
سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لەبارەی مارسێلۆ قسەیکرد و گوتی " مارسێلۆ نایابە، ئەو ئەفسانەی ریال مەدریدە، ئەو کاتێک تەمەنی 18 ساڵ بوو هاتە ریال مەدرید و ئێستا لە هەموو جیهان بەنێوبانگە، زۆر دڵخۆشم کە لێرە پێشوازیەکی گەرمی لێدەکرێت، ئەو زۆر لەبارەی تۆپێیەوە دەزانێت و زۆر هاندەری ریال مەدریدی هەیە."
لەبارەی هەریەکە لوکا مۆدریچ و تیبۆ کۆرتوا، سەرۆکی یانەی شاهانە دەڵێت " هەردووکیان لە شوێنەکانیان باشترینی جیهانن، ئێمە باشترین گۆڵپارێزی جیهانمان هەیە، مۆدریچ لە بارودۆخێکی زۆرباشدایە و جارێکی دیکە شایستەی بردنەوەی باڵۆن دۆرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ