گۆڵپارێزی یانەی نەسڕ: پشتیوان بەخوا کریستیانۆ دەبێتە موسڵمان

17-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن وەلید عەبدوڵڵا کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

وەلید عەبدوڵڵا، گۆڵپارێزی یانەی نەسڕی سعودی، لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی باسی لە خواستی خۆی کرد بۆ ئەوەی هاوڕێکەی و ئەستێرەی پۆرتوگالی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببێت بە موسڵمان.
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە، کە تێیدا وەلید عەبدوڵڵا بە جلوبەرگی ئیحرامەوە دەردەکەوێت و لە تەنیشت چێشتخانەیەک کە پێدەچێت لە دەوروبەری حەرەمی مەککەوە بێت لەگەڵ کەسێک قسە دەکات.
 
عەبدوڵڵا ستایشی خواردنەکانی ناو چێشتخانەکە دەکات، و کاتێک لێی دەپرسێت ئایا دەکرێت رۆناڵدۆ بێت لەوێ خواردن بخوات، بەشێوەزاری سعودی وەڵامی دەداتەوە "بەس ئەو موسڵمان بێت، پشتیوان بەخوا کریستیانۆ دەبێتە موسڵمان، ئەو حەزی لەم جۆرە خواردنانەیە".
 
عەبدوڵڵا یەکێکە لەو یاریزانانەی لەنێو ژوری جلگۆڕینی نەسڕدا زۆر نزیکە لە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە و کە ئەمە لە زیاتر لە جارێک بینراوە.
 
رۆناڵدۆ لەو کاتەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی نەسڕەوە کردووە، زیاتر لە جارێک دەرکەوتووە و سەمای “نمایشی سعودیە” دەکات، هەروەها لەسەر شەقامێکی ریاز بە دشداشەی سپییەوە بینراوە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵکاری خولی پیشەگەری رۆشنی سعودیە و تاوەکو ئێستا 23 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە.
 
هەروەها لە دوای هاتنی بۆ یانەی نەسڕ، لە مانگی یەکی ساڵی 2023ـوە 50 گۆڵی تۆمارکردووە. هاندەرانی ئەو یانە سعودیە شانازی دەکەن کە رۆناڵدۆ بە درێسی یانەکەیانەوە یاری دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە