رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی چوارەمی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024ـدا تۆڕی میدیای رووداو رووماڵێکی بەرفراوانی هەبوو، و زۆرترین زانیاری و گۆڕانکاریی تایبەت بە پاڵەوانێتییەکەی بە بینەرانی گەیاند.
وەک هەموو رۆژێک وێڕای بەرنامەی یۆرۆی 2024، سامان وڵاتژێری 3 بووڵتەنی وەرزشی لە کاژێرەکانی 8:30 و 13:30 و 16:30 پێشکێشکرد و نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری لە رێگەی گرافیک و ڤیتی و پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیاوە بە بینەرانی رووداو گەیاند.
لە دوو بووڵتەندا، دڵنیا رەحمانی، نێردراوی رووداو لە ئەڵمانیا لەنێو جەرگەی رووداوەکاندا نوێترین زانیاری بە بینەرانی رووداو دا و بۆچوونی هاندەرانی هەر سێ یارییەکەی وەرگرت.
لە چوارەم رۆژدا سێ یاریی هەبوون، کە لە یاریی یەکەمدا، لە گەڕی یەکەمی یارییەکانی کۆمەڵەی پێنجەمدا رۆمانیا و ئۆکراینا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و رۆمانیا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر ئۆکراینادا بەدەستهێنا و سێجار تۆڕەکەی هەژاند بەبێ ئەوەی ئۆکراینییەکان هیچ گۆڵێک بکەن، کە ئەمە یەکەم سەرکەوتنی رۆمانییەکان بوو لە یۆرۆدا لە دوایین 24 ساڵدا.
یاریی دووەم لەنێوان سلۆڤاکیا و بەلجیکا، بوو لە چوارچێوەی یارییەکانی هەمان کۆمەڵەدا، کە سلۆڤاکییەکان سوپرایزیان کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەلجیکایان بردەوە.

شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی ئەو یارییەیان کرد و پێیانوابوو، بەلجیکا بەو هەموو ئەستێرەیەوە ناتوانێت بسەلمێنێت کە هەڵبژاردەیەکی بەهێزی ئەورووپا و جیهانە، سەرەڕای ئەوەی لە ریزبەندیی باشترینەکانی فیفادا، هەمیشە لە پلەکانی پێشەنگە.
لە یاریی سێیەمدا و لە کۆمەڵەی چوارەمدا، فەرەنسا، کە یەکێکە لە بەربژێرە هەرە سەرەکییەکانی بردنەوەی نازناوەکە، ررووبەڕووی نەمسا بووەوە و نەیتوانی دڵی هاندەرانی خۆش بکات، چونکە بە تاکە گۆڵێک، کە نەمساوییەکان لەخۆیان کردەوە، زۆر بەزەحمەت سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. جگە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکە تووشی پێکانێکی قورس بوو، و لووتی شکا.
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بەڕێوەچوو، کە حەمە کوردش و دارین ژیار، دوو بلۆگەری ناسراوی سۆشیاڵ میدیا میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوون. کە جگە لەوەی باسی کارەکانیان دەکرد، هەردووکیان شارەزاییەکی باشیان لە تۆپی پێ هەبوو، و بەباشی شرۆڤەیان بۆ یاریی فەرەنسا و نەمسا دەکرد.
لە کاتی شرۆڤەی یارییەکەدا کامەران نەسرەدین، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە فەرەنسا تیپێکی تۆقێنەر نییە و گوتی "تەنیا کانتێ ئەو تیپەی راگرتبوو". سەرمەد سامحیش پێیوابوو، فەرەنسا خراپترینی باشەکانە و گوتی "ئەڵمانیا، ئینگلتەرا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە فەرەنسا باشترن".

لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، پێشەوا بەختیار لە شاری سلێمانی لەگەڵ هاندەران سەیری یارییەکەی کرد و میوانداریی هونەرمەند گۆران ئینزیباتی کرد و بە گۆرانییەک لایڤەکەی جوانتر کرد. دواتر تیروپشکی بۆ بەشداربووانی پێشبڕکێی رووداو کرد و بەیتوڵڵا ئیسماعیلۆ خەڵاتی رووداوی بۆ دەرچوو، کە مۆبایلێکیی زیرەک بوو. ئەو براوەیە خەڵکی ئازەربایجان بوو، کە کاپتنی یەکێک لە کافێیەکانی سلێمانی بوو.
لە هەر شەوێکی یۆرۆدا پەیامنێرێکی رووداو لە شارێکی کوردستان بۆچوونی هاندەران وەردەگرێت و دواتر ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.
کاژێر 19:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری و کامەران نەسرەدین بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەی هەردوو یاریی یەکەمیان کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی نێوان فەرەنسا و نەمسا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و رەمزی شاکر هەرکی، کە خەڵکی ئاکرێ بوو، بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. رەمزی لەدایکبووی 1994ـەو وانەبێژە.
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن.
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، دوای یارییەکە بۆچوونی هاندەرانی فەرەنسا و نەمسای وەرگرت، کە فەرەنسییەکان دڵخۆش بوون. بەڵام هاندەرێکی نەمسا گلەیی لە ناوبژیوانی یارییەکە هەبوو، گوتی "ناوبژیوان یارمەتی فەرەنسای دەدا".
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، وێڕای راگەیاندنی براوەی خەڵاتی لیرەی رووداو، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024 کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بۆ محەممەد عەبدولجەبار دەرچوو.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ