رووداو دیجیتاڵ
داهاتووی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، هێشتا جێگەی قسە و باسێکی زۆرە و مشتومڕێکی زۆری دروست کردووە.
ماوەی گرێبەستەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی لەگەڵ ریال مەدرید هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، تاوەکو ئێستاش دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی لەگەڵ مێرێنگێ دەستیپێنەکردووە.
بەگوێرەی تۆڕی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، ریال مەدرید خۆی بۆ سەرجەم سیناریۆکانی راهێنەر ئامادە کردووە بۆ وەرزی داهاتوو.
ئەگەر ئەنچێلۆتی بەردەوام نەبێت، ئەوا ریال مەدرید بژاردەی دیکەی لەبەردەمدایە، لەوانەش هەردوو کوڕی یانەکە، چابی ئەلۆنسۆ و زینەدین زیدان.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید پلان و هەوڵ و جوڵەکانی خۆی بۆ ئایندەیەکی نزیک دەشارێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەنچێلۆتی تووشی کێشە نابێت بەهۆی کەمی دەستەوارەکانەوە، ئەگەر تیپی شاهانە بڕیاریدا دەستبەرداری ئەو ببێت، چونکە تاوەکو ئێستا لە سێ یانە و هەڵبژاردە نیشتمانییەوە دەستەوارەی پێشکێشکراوە.
لەم سەروبەندەدا، میدیاکان سوپرایزێکی دیکەیان ئاشکراکردووە و دەڵێن "کارلۆ ئەنچێلۆتی دەستەوارەیەکی لە مانچێستەر یونایتدەوە پێگەیشتووە، کە ئەو یانەیە ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگی هۆڵەندی لە پۆستەکەی، بەهۆی دابەزینی ئەنجامەکانی".
تۆڕی دیفێنسا سێنتڕاڵ، ئاماژەی بەوە کردووە کە بژاردەی راهێنەرایەتی یانەی مانچێستەر یونایتد سەرنجی ئەنچێلۆتی راکێشاوە.
دەستەوارەی دووەمی ئەنچێلۆتی لەلایەن هەڵبژاردەی کەنەداوە پێشکێشی کراوە، بەتایبەتی کە هاوژینەکەی خەڵکی ئەو وڵاتەیە، بەڵام راهێنەرە ئیتاڵییەکە بە جۆش و خرۆش نییە بۆ قبوڵکردنی ئەم بیرۆکەیە، چونکە ئەو هەڵبژاردەیە رکابەری لەسەر نازناوەکان ناکات".
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی دەکاتەوە کە وروژێنەرترین دەستەوارە لای کارلۆ ئەنچێلۆتی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەرازیلە، بەو پێیەی هەردوولا رێککەوتنێکی سەرەتاییان هەیە، بەڵام بەبێ ئەوەی وادەی جێبەجێکردنی دیاری بکرێت، چونکە راهێنەری ئیتاڵی هەمیشە بە روونی گوتووە، بەردەوامبوون لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو، بژاردەی یەکەمیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ