گورزێکی کەمەرشکێن بەر فلیک کەوت

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک رافینیا پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

گورزێکی کەمەرشکێن بەر هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا کەوت بەر لە دەستپێکردنی جەنگە گەورەکە لە ئانوێتا! ئەویش پێکرانی رافینیای ئەستێرە کاریگەرەکەی یانەکەیە.
 
تەنیا چەند کاژێرێک پێش یەکێک لە سەختترین تاقیکردنەوەکانی ئەم وەرزەی یانەی بارسێلۆنا، کە ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی ریال سۆسیداد دەبێتەوە ەلسەر یاریگەی ئانوێتا. لەکاتێکدا کە هاندەرانی بارسا چاوەڕێی بەردەوامیی 'تۆفانە سوور و شینەکە' بوون، هەواڵەکان باس لە کێشەیەک دەکەن کە لەوانەیە پلانەکانی هانزی فلیک تێکبدات.
 
داینەمۆ بەرزیلییەکە چی لێهاتووە؟
 
لەنێو گەرمەی مەشق و راهێنانەکانەوە، ئاماژەکان نادڵنیایی بڵاودەکەنەوە. یەکێک لە گرنگترین پارچەکانی 'مەکینەکەی فلیک' و ئەستێرە درەوشاوەکەی ئەم وەرزەی بارسا، لە مەشقە بەکۆمەڵەکاندا نەبینرا. ئەمە تەنیا ئامادەنەبوونێکی ئاسایی نییە، بەڵکو نیشانەی پرسیارێکی گەورەیە لەسەر ئامادەیی ئەو یاریزانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال سۆسیداد لەو یاریگایەی کە هەمیشە بۆ بارسا وەک کابووس وابووە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە رافینیا بەدەست ئازارێکی ماسوولکەییەوە دەناڵێنێت و تەنیا لە هۆڵی وەرزشیدا مەشقی کردووە. هەرچەندە ناوی لە لیستی گەشتەکەدا هەیە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای هانزی فلیکە و هەمووان چاوەڕێی تێستی کۆتایی دەکەن پێش فیكەی دەستپێک.
 
کێشەکان تەنیا رافینیا نین!
 
سەرەڕای پرسی رافینیا، فلیک بەدەست دوورکەوتنەوە درێژخایەنەکانی وەک گاڤی و کریستنسنەوە دەناڵێنێت. لە لایەکی دیکەشەوە، تەمومژێکی سەیر دەوری مارک ئەندرێ تێر شتیگن دەدات؛ سەرەڕای بەشداریکردنی لە مەشقەکان، بەڵام دەنگۆکانی گواستنەوەی بۆ جیرۆنا بەشێوەی خواستن، جۆرێک لە نادڵنیایی لە دەوری گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە دروست کردووە.
 
پەنابردن بۆ  لاماسیا 
 
وەک هەمیشە، فلیک بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان دەستی بۆ گەنجینەکەی بارسێلۆنا برد و هەردوو یاریزنای لاو پاو بێرنابیۆ و لۆرێنزۆ ئۆرتێلی بانگهێشتی مەشقەکانی تیپی یەکەم کردووە، تا وەک چەکێکی یەدەگ ئامادەی هەر سیناریۆیەکی نەخوازراو بن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە