ئەلۆنسۆ دوو گرێبەستی گرنگ لە قورگی بارسێلۆنا دەردێنێت

18-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن گریمالدۆ ئەلۆنسۆ جۆناسان تا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

وادیارە چابی ئەلۆنسۆ دەیەوێت یەکەم هەنگاوی لەگەڵ ریال مەدرید بە لێدانی بارسێلۆنای رکابەری هەمیشەیی مێرینگێ دەستپێبکات، کە بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید لە یەکەم کاریدا دوو گرێبەستی گرنگ لە قورگی بارسێلۆنا دەردێنێت.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە پێشتر دوو گرێبەستی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی دیاریکردووە، ئەمەش هەنگاوێکی ستراتیژییە و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر رکابەرە تەقلیدییەکەی دەبێت، چونکە ئەو دوو یاریزانی کردووەتە ئامانج کە لە راداری بلاوگرانا بوون. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، جۆناسان تا یەکێکە لەو دوو گرێبەستانە، کە پایەیەکی سەرەکی تیپی بایەرلیڤەرکوزن بوو کە ئەلۆنسۆ سەرپەرشتی دەکرد. 
 
بەرگریکاری ناوەڕاستی ئەڵمانی کە وەرزێکی ناوازەی لەژێر سەرپەرشتی ئەلۆنسۆ بەسەربردووە، لەم هاوینەدا ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە کۆتایی دێت و دەتوانێت بەگواستنەوەیەکی بێ بەرامبەر پەیوەندی بەهەر یانەیەکەوە بکات کە حەزی لێبێت. 
 
لە بارسێلۆنا، دیکۆ چەند مانگێکە کار لەسەر گواستنەوەی تا دەکات بۆ ئەوەی هێڵی بەرگری بلاوگرانا بەهێز بکات، بەتایبەت ئەگەر رۆناڵد ئاراوخۆ بفرۆشرێت.
 
لەسەرەتای ئەمساڵدا لەنێو یانەکەوە دڵنیایی هەبوو کە گرێبەستی تا بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام بارودۆخی دارایی ئاڵۆزی بارسێلۆنا و نەبوونی گەرەنتی پەیوەست بە پڕۆژەی وەرزشی، دانوستاندنەکانی خاو کردەوە. لەلایەکی دیکەوە ریال مەدرید ئارەزووی زیادبووە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە، دەکرێت رۆڵی چابی ئەلۆنسۆ یەکلاکەرەوە بێت لە بڕیاردان لەسەر هێنانی یان نا بۆ بێرنابیۆ.
 
گواستنەوەی تا هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ یانەکە، بەتایبەتی کە بەگواستنەوەیەکی ئازاد دەگاتە بێرنابیۆ، کە یاریزانەکە خاوەنی ئەزموونێکی بەهێزی نێودەوڵەتییە، پێشەنگێکی بەهێزە، جەستەیەکی بەهێزی هەیە کە بەتەواوی لەگەڵ پێداویستییەکانی ریال مەدرید دەگونجێت بۆ نوێکردنەوەی هێڵی بەرگری.
 
ئەلێکس گریمالدۆ ناوی دووەمی لیستی ئارەزووەکانی چابی ئەلۆنسۆیە، بەرگریکاری چەپ کە لە رێگەی ئەکادیمیا بارسیلۆناوە پێگەیشتووە. ئەو یەکێک بووە لە دۆزینەوە سەرنجڕاکێشەکانی تۆپی پێی ئەورووپا لەم وەرزەدا. دوای ئەوەی گریمالدۆ لە بێنفیکاوە رووی لە بایرلیڤەرکوزن کرد، ئاستێکی سەرنجڕاکێشی لە گۆڵکردن و ئەسیست و توانای تاکتیکی نیشانداوە.
 
گریمالدۆ کە ساڵانێک لەمەوبەر بارسێلۆنای بەجێهێشت بەبێ ئەوەی هەلێکی راستەقینەی لەگەڵ تیپی یەکەمدا پێبدرێت، لەوانەیە بەگواستنەوەی بۆ ریال مەدرید بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بگاتە ئاواتی خۆی و ئەو شوێنەی کە شایەنیەتی یاری لێبکات. 
 
چابی ئەلۆنسۆ یاریزانەکە بەباشی دەناسێت و بەبژاردەیەکی نموونەیی دەزانێت بۆ شێوازی یاریکردنی. جگە لەوەش روونە کە راهێنەرەکە ئارەزووی هێشتنەوەی فێرلاند مێندیی بەرگریکاری فەرەنسی نییە، کە ئاستی بەسنووردار دەزانێت، بەتایبەتی لەڕووی هێرشبردنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە