ڤیدیۆ؛ رووداو هەواڵە خۆشەکەی بۆ هاندەرانی زاخۆ راگەیاند

19-02-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یانەی زاخۆ
یانەی زاخۆ
نیشانەکردن یانەی زاخۆ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو، وەک یەکەم میدیا هەواڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی یانەی زاخۆ بۆ قۆناخی دووەمی خولی یانە نایابەکانی عێراق بڵاودەکاتەوە.

دوای گەڕانەوەی یاریزانانی یانەی زاخۆ بۆ نێو مەشق و راهێنانەکانیان لە بەغدا و شکاندنی ئەو بایکۆتەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی کێشە داراییەکان و نەدانی مافەکانیان لە راهێنانەکان کردبوویان، تۆڕی میدیای رووداو سەردانی شوێنی مانەوەی یاریزانانی یانەکەی لە بەغدا کرد و سەرپەرشتیاری یانەکەش وادەی چارەسەرکردنی کێشەکانی یانەکەی راگەیاند.

تەها عەبدولحەکیم، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چواردە رۆژە ئێمە لە زاخۆوە هاتووین، دوای ئەنجامدانی یارییەکەی بەرامبەر نەجەف و نەفتی میسان، بڕیارماندا بۆ یاریی بەرامبەر یانەی کەرخ بمێنینەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی 5 رۆژدا گەشتی دوور و درێژ ئەنجامنەدەین، یاریزانەکان مافی خۆیان بایکۆت بکەن، چونکە ئەوە چەندینجارە بەڵێنی پێدانی مافەکانیان پێدەدەین و پێمان نەداون.

سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ زیاتر گوتی، پەیوەندیمان بە کارگێڕیی یانەکەوە کردووە و پێیان راگەیاندووین، کە بەڵێنێکیان وەرگرتووە و لە هەفتەی داهاتووە کێشەکان چارەسەردەکرێن، ئێمەش ئەمەمان بە یاریزانەکان راگەیاندووە و رازیمانکردوون بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەست بە مەشقەکانیان بکەنەوە.

تەها عەبدولحەکیم دەڵێت: " 28ـی ئەم مانگە دەرگای گواستنەوەکان دادەخرێت، رێککەوتنمان لەگەڵ یاریزانێکی یانەی زەورا و یاریزانێکی بەنێوبانگی عەرەبی کردبوو، بەڵام بەهۆی کێشەکانەوە نەیانتوانی چاوەڕێمان بکەن و گرێبەستیان لەگەڵ بکەین، بۆیە ئەگەر تاوەکو ئەو وادەیە کێشەکانمان چارەسەربکرێن دەتوانین یاریزانی نوێ بگوازینەوە، ئەگەر ناشمان دەنێ با پێمان بڵێن، بۆ ئەوەی مافی دەستبەرداربوون بدەینە یاریزانەکانمان و بچن یانەیەکی دیکە و سکاڵاشمان لەسەر تۆمار نەکەن".

سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ گوتی: " 20 و 30٪ خەڵکی زاخۆ هاندەری ئەم یانەیەن و شارەکە شایستەی ئەوەیە هاوکاریی بکرێت، ئەگەر تەنانەت وەک پێنج یانەی کۆتایی ریزبەندیش هاوکاری زاخۆ بکرێت، بەدڵناییەوە لە ئێستا باشتر دەبین کە لەنێو 20 تیپدا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەین.

لەلایەن خۆیەوە حەمید سەلمان، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، راستە هەوڵێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە و لە رێگەی پارێزگای دهۆکەوە وەڵامی داواکارییەکانمان دراوەتەوە، بەڵام نازانین ئەو بڕە پارەیەی دەدرێتە یانەی زاخۆ چەندە و بە چ شێوەیەک دەبێت.

یانەی زاخۆ ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لە خولی نایابی عێراقدا پێشکەشکردووە و لە 19 یارییدا 29 خاڵی کۆکردووەتەوە و ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندیی خولەکەدایە، بەڵام وەک سەرۆکی یانەکە دەڵێت "هیچ چارەیەکیان نەمابوو".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە