رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی فەرەنسا، بە نازناوی 'دۆناتێلۆ' ناسراوە، کە یەکێکە لە ئەندامانی زنجیرە کارتۆنی بەنێوبانگی کیسەڵەکانی نینجا، کە لەم دواییانەدا لەنێو هاندەرانی و تەنانەت هاوڕێکانیدا بەو ناوە بانگ دەکرێت.
داهاتووی ئێمباپێ سەرنجی بەشێکی زۆری هاندەرانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهاندا رادەکێشێت، دوای ئەوەی هەواڵی نزیکبوونەوەی لە رۆیشتن لە ریزەکانی پاڵەوانی فەرەنسا بڵاوبووەوە و گوایە لە مانگی حوزەیرانی 2024 پەیوەندی بە ریال مەدریدی ئیسپانییەوە دەکات.
ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرەکان نازناویان بۆ دانراوە و هەر یەکێکیان لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا بە ناوێکی دیکە نێوبانگی دەرکردووە، لەوانەش ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆی ئەفسانەی ئەرجەنتین و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە بە 'تیری شۆخ' ناسرابوو. ئۆلی گونار سۆلشایەری نەرویجی، یاریزان و راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد بە 'منداڵەکە' ناسرابوو، یان پاتۆی بەرازیلی کە بە مانای 'مراوی' دێت، لەگەڵ زۆری دیکەش.
کیلیان ئێمباپێ لە ساڵی 2017 نازناوی 'دۆناتێلۆ'ی بەدەستهێنا، کە هاوکات بوو لەگەڵ پەیوەندیکردنی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە، دوای ئەوەی یاریزانانی تیپەکە تێبینی لێکچوونێکی گەورەی سیماکانی دەموچاوی لەگەڵ کارەکتەری کارتۆنی بەنێوبانگدا کرد، ئەمە جگە لە خێرایی جوڵە و چالاکییەکەی لەنێو یاریگەدا.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، ئێمباپێ هاوشێوەی دۆناتێلۆیە بەو پێیەی خاوەنی عەقڵێکی داهێنەرە و ئارامە لە ئەنجامدانی کارەکانیدا.
سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی پاریس سانجێرمان باس لەوە دەکەن کە یەکەم کەس ئەو نازناوەی دابێتە پاڵ ئێمباپێ، هاورێ فەرەنسییەکەی پرێسنێل کیمپێمبێ بووە دواتر زۆر بەخێرایی لەنێو ژووری جلگۆڕیندا بڵاوبووەتەوە.
هەروەها ژمارەیەک یاریزانی پاریس سانجێرمان، پێشتر و ئێستاش، چەندینجار لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە گاڵتە لەگەڵ ئێمباپێ دەکەن، بەبڵاوکردنەوەی هەندێک وێنەی ئەو لە تەنیشت دۆناتێلۆ، بەتایبەتیش هەردوو یاریزنای بەرازیلی نەیمار دا سیلڤا و دانی ئەلڤێش کە سەردەمێک لە پاریس سانجێرمان هاوڕێی بوون.
پێشتر تیاگۆ سیلڤای بەرازیلی، کاپتنی پێشووی پاریس سانجێرمانیش ماسکی پلاستیکی کیسەڵی نینجای لەنێو سندوقێکی پێچراودا بەدیاری بەخشییە ئێمباپێ، ئەمەش پەیوەندی ئەم نازناوەی لەگەڵ یاریزانەکەدا پشتڕاستکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ