رووداو دیجیتاڵ
دێربیی ئیتاڵیایە، ئینتەرمیلانی خاوەن یاریگە هەوڵدەدات لە بەشوێنکەوتنی ناپۆلی بەردەوام بێت، ئومێدێک نییە بۆ ئەوەی ئینتەر خۆی بە رکابەر لەسەر نازناوەکە ببینێت، بەڵام ئەو مافە رەوایە بە یانەکە کە هەوڵبدات کورسییەکی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، مسۆگەر بکات.
دێربیی ئیتاڵیایە، یوڤێنتوسی میوان، بەدڵنیاییەوە بیر لە نازناوی خولەکە ناکاتەوە، بەڵام دەیەوێت لە هەڵکشان و مسۆگەرکردنی کورسییەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دڵنیا ببێتەوە.
ئینتەرمیلان چاوی لە بەردەوامبوونی ژمارە نایابەکانی سیمۆنی ئینزاگی راهێنەرە کە لە دوای دەستبەکاربوونییەوە لەگەڵ ئەو یانەیە، ئەنجامی ناوازەی لەگەڵدا بەدەستهێناوە. ئینزاگی لە وەرزی 2021 - 2022ەوە سەرپەرشتی ئەو یانەیە دەکات و هەموو کات ئەو راهێنەرە سەرئێشە و گرفتی زۆری بۆ یوڤێنتوس دروستکردووە.
ئینزاگی، یەکەم دێربیی ئیتاڵیای بەرامبەر یوڤێنتوس بە یەکسانبوون کۆتایی پێهێنا، دواتر لە جامی سوپەری ئیتاڵیادا لە دوا خولەکی گێمی دووەمی زیادکراودا نازناوەکەی لە یوڤێنتوس سەند پاش یەکسانبوون بە گۆڵێک.
سیمۆنی ئینزاگی کە لە دێربیی یەکەمی ئەمساڵدا بەرامبەر یوڤێنتوس شکستی هێنا، دەیەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر راستەڕێی بردنەوەکانی، پاشئەوەی لە دوا یاریی خۆیشیدا بەرامبەر سپێزیا شکستی هێنا. لە کاتێکدا یوڤێنتوس کاری زۆر دەکات خۆی لە ژێر کاریگەریی شکاندنی 15 خاڵی کۆی خاڵەکانی وەرزی ئەمساڵ رزگار بکات کە بەهۆی سزاوە لێیشکێنراوە.
بەر لە یارییەکە، هێڵی بەرگری بۆ ئینتەرمیلان بووەتە سەرئێشەیەکی گەورە. بەرگری ئینتەر کە وەرزی رابردوو تەنیا 32 گۆڵی لێکرابوو، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 30 گۆڵی لێکراوە و ئەوەش سەرئێشەیەکی گەورەیە بۆ تیپەکە بەرامبەر یوڤێنتوس کە خاڵی بەهێزی لە وەرزی ئەمساڵدا تۆپی جێگیر و ئۆفەرە بۆ ناو ناوچەی سزا.
سێریا ئەی ئەمشەو بەتەنیا ئەو یارییە گرنگ و بەهێزەی دێربیی وڵات بەخۆوە نابینێت، بەڵکو دێربی رۆماش شتێکی ئەوتۆی لەو کەمتر نییە و لازیۆ و رۆما ئەو دوو تیپە پێویستیان بە خاڵەکانی یارییەکەی ئەمشەو هەیە، چونکە دەتوانن وا خۆیان ببیننەوە کە لە کۆتایی وەرزدا پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیان گرتووە.
بەهەڵوەستەکردن لەسەر ئاست و ئەنجامەکانی لازیۆ و رۆما لە یارییەکانی پێشوویاندا، ئەوە رووندەبێتەوە کە هەردوو یانە لە دۆخێکی ناسەقامگیریدا دەژین و هەردوو یانە بە ئاسانی ریتمی بردنەوەکانی خۆیان لە خولەکەدا لەدەستدەدەن.
پێشینە لە دێربییەکی ئەمشەودا بۆ لازیۆیە، ئەو یانەیە ئەمشەو خاوەنی یاریگەیە و دێربیی یەکەمی پایتەختیشی لە وەرزی ئەمساڵدا، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ