هێرشکردنە سەر لەیلا زانا لە یاریگەیەکی تۆپی پێدا کاردانەوەی تووندی لێدەکەوێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن لەیلا زانا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دروشمە نەشیاوانە دەکات لە کاتی یارییەکی تۆپی پێدا ئاراستەی لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کورد لە باکووری کوردستان کران و داوای رێکاری یاسایی بەپەلە دەکات.
 
دەم پارتی لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو دروشمە نەشیاوانە دەربڕی لە یاری نێوان هەردوو تیپی بوورسا سپۆر و سۆما سپۆر لەلایەن هاندەرانەوە گوترانەوە. دەم پارتی ئەو زمانەی بە "نەشیاو و جێگەی نیگەرانییەکی " ناو دەبات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم رووداوە رەنگدانەوەی "بیرکردنەوەیەکی رەگەزپەرستی و فاشیستییە" هیچ پەیوەندییەکی بە وەرزش و کۆمەڵگەوە نییە. دەم پارتی داوا لە وەزارەتە پەیوەندارەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە تورکیا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەو بارەیەوە بکەن و رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی کارێکی لەو شێوەیە بکرێت.
 
ئەو پارتە سیاسییە جەخت لەوە دەکاتەوە یاریگەکان نابێت ببنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە یان جیاکاری. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، بە ئامانجگرتنی لەیلا زانا پێویستییەکی بەپەلە نیشان دەدات بۆ دەرکردنی یاسای تووند دژی گوتاری رق و کینە لەو وڵاتەدا، بە شێوەیەک سزاکان رێگر بن لە دووبارەبوونەوەی ئەم رەفتارانە.
 
لەیلا زانا، یەکێکە لە دیارترین سیمبولەکانی کوردپەروەری و تێکۆشانی گەلی کورد، لە تەمەنی 21 ساڵیدا وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردرا و بەهۆی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە نێو پەرلەمان، بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی کرا.
 
بەپێی میدیاکانی تورکیا، ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نێوەندە سیاسییەکان لێکەوتووەتەوە و جارێکی دیکە پرسی رەگەزپەرستی و لێپرسینەوە لە هاندەرانی لە نێو یاریگەکاندا لێکەوتووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە