رووداو دیجیتال
ئەحمەد سەڵاح، راهێنەری یانەی زاخۆ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند و یانەکەی لە کاتێکدا هەستیاردا جێهێشت.
سەڵاح لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لەبەر هەندێک بارودۆخی تایبەت بە خۆم نەمتوانی لەگەڵ یانەی زاخۆ بەردەوامبن، ناتوانم باسی ئەو نهێنییانە بکەم، بەڵام واباشترە من و یانەکە لەیەکدی جیابینەوە.
ئەحمەد باسی ئەوەشیکرد کە خۆشەویستی هاندەرانی زاخۆی لە دڵ دەرناچێت و گوتی: هیوای سەرکەوتن بۆ یانەی زاخۆ دەخوازم، هەتا مردن ناتوانم هاندەرانی زاخۆ لە یاد بکەم، من جارێ بیر لە هیچ یانەیەکی دیکە ناکەمەوە و دەمەوێ پشووبدەم.
زاخۆ لەم وەرزەدا باشترین ئاستی خۆی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پێشکێشکرد، لە یانەکانی زەورا و جەوییە و تەڵەبەی بردەوە، لەگەڵ هەولێر و شورتەی پاڵەوانی وەرزی رابردووشدا یەکسانبوو، ئێستا لە پلەی شەشەمی خولەکەدایە و 22 خاڵی کۆکردووەتەوە.
حەمید سەلمان سەرۆکی یانەی زاخۆ تایبەت بە رووداو لەسەر ئەم بابەتە گوتی: وازهێنانی ئەحمەد سەڵاح لە کارەکەی شتێکی لەناوکاو بوو بۆمان، ئێمە حەزدەکەین لە کارەکەی بەردەوامبێت، هەر بۆیە بەیانی گەشتی شاری بەغدا دەکەم بۆ گفتۆگۆکردن لەگەڵی، راهێنەرێکی ئاستبەرزە و دەمەوێت بەردەوامبێت لەگەڵ تیپەکەمان.
ئەحمەد لەگەڵ شاندی یانەی زاخۆدا گەشتی شاری دیوانیەی کرد، بەڵام لە ناکاو ئەم بڕیارەیدا و گەڕایەوە شاری بەغدا و چیدیکە ناگەڕێتەوە زاخۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ