3 گرێبەستی یەکلاکەرەوە مەرجی فلیکن بۆ بارسێلۆنا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا ستراتیژیی تیپەکەی بۆ ساڵی 2026 دیاری دەکات و سێ گرێبەستی یەکلاکەرەوەی دەوێت و لەپێشینەیی بۆ یاریزانێکە.
 
هەرچەندە هێشتا لە مانگی کانوونی یەکەمداین و وەرزەکە لە سەرەتایدایە، بەڵام یانە گەورەکانی ئەورووپا دەستیان کردووە بە داڕشتنی پلانەکانیان بۆ ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو، لە نێوانیشیاندا یانەی بارسێلۆنا کە هەوڵدەدات پێکهاتەکەی بەپێی ستراتیژێکی روون و سەرسوڕهێنەر بەهێز بکات.
 
ئاماژەکان لە کامپ نووە باس لەوە دەکەن کە یانەکە بەهێمنی کار دەکات بۆ دیاریکردنی ئەو شوێنانەی زۆرترین پێویستیان بە بەهێزکردنە، لەگەڵ رێکخستنی کارە لەپێشینەکان بەپێی کاریگەری هەر شوێنێک لەسەر ئاستی تیپەکە لە وەرزی داهاتوودا. 
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، هانزی فلیک لەگەڵ دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی لەسەر ئەو شوێنانە رێککەوتوون کە تیایاندا پێویستیان بە یاریزانی نوێیە، ئاماژە بەوەش کراوە کە گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێکی ناوەندی چەپڵەر لە سەرووی هەموو کارە لەپێشینەکانە، پاشان گرێبەستی هێرشبەرێکی سەرەڕم و باڵێکی بەهێز دێن.
 
1 ـ بەرگریکاری ناوەندی چەپڵەر
 
دوای رۆیشتنی ئینیگۆ مارتینێز، بارسێلۆنا پێویستی بە گواستنەوەی یاریزانێکی چەپڵەر هەیە بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگرییەکەی، ئەمەش رێگە بە پاو کوبارسی دەدات بەئاسوودەیی زیاتر لە باڵی چەپ یاری بکات. دابەزینی ئاستی ئاراوخۆ، کێشە جەستەییەکانی کریستنسن، و پێویستی ئێریک گارسیا بۆ یاریکردن لە چەند شوێنێکی جیاواز، وایکردووە یانەکە سەرنج بخاتە سەر ناوەکانی وەک: گۆنزالۆ ئیناسیۆی بەرگریکاری یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنی پۆرتوگالی، نیکۆ شلۆتەربێک لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی و مۆریلۆی بەرگریکاری یانەی نۆتینگهام فۆرێستی ئینگلیزی.
 
2 ـ هێرشبەری سەرەڕم
 
ئەم گرێبەستە لە پلەی دووەمی کارە لەپێشینەکانی هانزی فلیکدایە، بەهۆی چاوەڕوانی رۆیشتنی ئەگەریی رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی.
 
ئەو ناوانەی زۆرترین دەنگۆیان لەسەرە بۆ جێگرتنەوەی لیڤا، بریتین لە: جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی، ئێرلینگ هالاندی نەرویجی و هاری کەینی ئینگلیزی، بەو پێیەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی دوایینیان کە هاری کەینە 65 ملیۆن یۆرۆیە. ئەگەر ئەم بژاردانە سەرنەگرن، لەوانەیە یانەکە پەنا بباتە بەر یاریزانێکی لاوی بەهرەمەند بەنرخێکی کەمتر، وەک ئیتا یۆنگی یاریزانی لاوی کامیرۆنیی یانەی لیڤانتێ، کە تەمەنی 22 ساڵە و کە یەکێکە لە دیارترین سوپرایزەکانی ئەم وەرزە.
 
3 - بەهێزکردنی باڵەکان
 
ئامانجی سەرەکی لێرەدا گرێبەستکردنە لەگەڵ مارکوس راشفۆرد، چونکە دەتوانرێت بەندێکی کڕین کارا بکرێت کە رێگە دەدات بە 30 ملیۆن یۆرۆ بگوازرێتەوە. یاریزانە ئینگلیزییەکە ئەم وەرزە ئاستێکی نایابی پێشکێش کردووە، لە 17 یاریدا 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 ئەسیستی هەبووە، و بە بژاردەیەکی هەرزانتر دادەنرێت بەراورد بە جێگرەوەکانی دیکە.
 
بارسێلۆنا کار لەسەر داڕشتنی پلانێکی گواستنەوەی هاوسەنگ و ژیرانە دەکات، کە هێزی تیپەکە بپارێزێت و رێز لە بودجەکەیشی بگرێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەوەی کە لەوانەیە کارە لەپێشینەکان لەگەڵ بەرەوپێشچوونی وەرزەکەدا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. ئامانجی کۆتایی روونە: بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکە بۆ رکابەرییەکانی وەرزی داهاتوو، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو وردەکارییە هونەری و داراییەکان بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە