رووداو دیجیتاڵ
ئاندریاس برێمە، کە تاکە گۆڵی بردنەوەی ئەڵمانیای بەرامبەر ئەرجەنتین لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی 1990 تۆمارکرد، لە تەمەنی 63 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
سوزان شافر، هاوژینی برێمە لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا DPA مردنی برێمەی پشتڕاستکردەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، برێمە لە شەودا لەناکاو و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
یانەکەی پێشووی بایرن میونشن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیویەتی "ئاندریاس برێمە بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە، وەک براوەی مۆندیال و لە هەمووی گرنگتر وەک کەسێکی زۆر تایبەت".
برێمە کە زۆربەی ژیانی وەرزشیی خۆی وەک بەرگریکاری چەپی هێرشبەر یاری دەکرد، لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا یەکێک بوو لە ئەستێرەکانی تۆپی پێی ئەڵمانیا، هەروەها رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە بردنەوەی مۆندیالی 1990 لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
هەروەها برێمە لە قۆناخی پێشکۆتایی ئەو مۆندیالەدا بەرامبەر ئینگلتەرا گۆڵی تۆمارکردبوو، دواتر بەو لێدانە سزایەی لە خولەکی 85 تۆماریکرد، یاریی کۆتایی بەرامبەر ئەرجەنتین یەکلاکردەوە.
بردنەوەی مۆندیال شەپۆلێکی ئاهەنگگێڕانی نیشتمانپەروەرانەی لە سەرانسەری ئەڵمانیادا هێنایە ئاراوە، کە ساڵی دوای رووخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیای رۆژئاوا و رۆژهەڵات بوو.
ئاندریاس برێمە، 86 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیای رۆژئاوا و ئەڵمانیای یەکگرتوو ئەنجامداوە.
لەسەر ئاستی یانەکان، برێمە دووجار نازناوی خولی ئەڵمانیای بردووەتەوە، جارێک لەگەڵ بایرن میونشن لە ساڵی 1987، دووەمیش لەگەڵ کایزەرسلاوتێرن لە ساڵی 1998. هەروەها لە ساڵی 1989 لەگەڵ ئینتەرمیلان نازناوی خولی ئیتاڵیای بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ