دیکۆ چۆن لە دوایین ساتەکاندا رێگری لە گواستنەوەی گاڤی بۆ پاریس کرد؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن دیکۆ یانەی بارسێلۆنا خوان لاپۆرتا گاڤی ناسڕ خلێفی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیسپانی، وردەکارییەکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی گفتوگۆیەکی نهێنی ئاشکراکردووە، کە خەریکبوو بەهۆیەوە گاڤی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا بگوازێتەوە بۆ ریزەکانی پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2023 دا.
 
وەک راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، گرێبەستە سەرنەکەوتووەکە، هۆکاربوو بۆ لەرزۆکبوونی پێگەی ماتیۆ ئەلیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی پێشووی یانە کەتەلۆنییەکە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی 'سپۆرت'، هاوینی 2023 جوڵەیەکی زۆر چڕ لە نێو بارسێلۆنا هەبووە، زیاتر لەوەی خەڵک وێنای دەکەن، یانەکە هەوڵیداوە چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز ئەنجام بدات، لەسایەی ئەو قەیرانە گەورەیەی مووچە کە بەرۆکی یانەکەی گرتبوو.
 
گاڤی زۆر نزیک بووە لە رۆیشتن بۆ پاریس سانجێرمان، لە چوارچێوەی گرێبەستێکی ئاڵوگۆڕدا کە ئەلیمانی رێککەوتنەکەی کۆتایی پێهێنابوو پێش ئەوەی لە دوایین ساتدا تێکبچێت. رێککەوتنەکە بریتی بوو لە گواستنەوەی گاڤی بۆ یانە پاریسییەکە لە بەرامبەر هاتنی هەردوو یاریزان مارکۆ ڤێراتی و فابیان رۆیز بۆ بارسێلۆنا، بەڵام دیکۆ و خودی یاریزانەکە رەتیان کردەوە گرێبەستەکە بگەیەننە ئەنجام.
 
بارسێلۆنا لەو کاتەدا پێویستی بە بەهێزکردنی هێڵی ناوەند هەبوو، فابیان رۆیز ئامانجی سەرەکیی چاڤی و ئەلیمانی بوو، بەڵام کۆسپە سەرەکییەکە نەبوونی پارە بوو بۆ کڕینی یان تۆمارکردنی، لێرەدا گفتوگۆکان بە شێوەیەک داڕێژران کە پاریس سانجێرمان ناوی گاڤی خستە سەر مێزەکە و لەسەر هەموو شتێک رێککەوتن کرا.
 
هەروەها لویس ئێنریکێ، کە تازە ببووە راهێنەری یانە پاریسییەکە، گڵۆپی سەوزی بۆ گواستنەوەی گاڤی داگیرساندبوو، کە ئەو کاتە ببووە یەکێک لە گەشەسەندووترین یاریزانانی ناوەڕاست لە جیهاندا.
 
ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ هاتنی دیکۆ بۆ بارسێلۆنا بۆ دروستکردنی کارگێڕییەکی دوو قۆڵی لەگەڵ ماتیۆ ئەلیمانی کە زۆری نەخایاند، چونکە بەڕێوەبەری وەرزشیی ئێستا (دیکۆ) ئەو رێککەوتنەی تێکدا کە لە چەند رۆژێکی کەمدا ئەنجامدرابوو. 
 
دیکۆ پێیوابوو، بارسێلۆنا لەم مامەڵەیەدا دۆڕاو دەبێت وێڕای کوالێتی فابیان رویز، بەتایبەت کە یانەکە ناچار دەبوو مووچەی گرێبەستەکەی ڤێراتی بگرێتە ئەستۆ، جگە لە لەدەستدانی یەکێک لە هێماکانی ئەکادیمیای یانەکە بۆ سوودی تیپێک، کە بەردەوام کێشەی بۆ بارسێلۆنا دروست کردووە، هەر وەک چۆن لە هەمان هاویندا روویدا کاتێک یانە پاریسییەکە 50 ملیۆن یۆرۆی دا بۆ کڕینی عوسمان دێمبێلێ.
 
گاڤی و کەسە نزیکەکانیشی بە چاوێکی باش تەماشای ئەم جوڵانەیان نەدەکرد، چونکە خەونی یاریزانەکە هەمیشە سەرکەوتن بووە لە بارسێلۆنا. ئەگەر یانەکە ئامادەبووایە رازی بێت بە رۆشتنی، ئەو کاتە بژاردەیەکی دیکەی نەدەبوو، بەڵام دەستێوەردانی دیکۆ یەکلاکەرەوە بوو بۆ رزگارکردنی بارودۆخەکە.
 
لە کۆتاییدا، بابەتەکە بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی گرێبەستەکە کۆتایی هات، ئەمەش پێگەی ماتیۆ ئەلیمانی لە ناو یانەکەدا لاواز کرد. دوای چەند رۆژێک کۆبوونەوەیەک لە نێوان خوان لاپۆرتا و رافا یوستی، جێگری سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، ئەنجامدرا و بڕیاردرا کە باشترە لەسەر رۆشتنی ئەلیمانی رێکبکەون بۆ ئەوەی دیکۆ بەرپرسیارێتی تەواوی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی بگرێتە ئەستۆ، ئەوەبوو لە 16ـی مانگی 8ـی ساڵی 2023 بە فەرمی رۆشتنی راگەیەنرا و لە 14ـی مانگی 9ی هەمان ساڵ، یانەکەی جێهێشت.
 
ئەو هاوینە ناکۆکی تووندی دیکەشی بەخۆوە بینی، وەک گفتوگۆ تاکلایەنەکانی ئەلیمانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ خوان فۆیز، بەرگریکاری ڤیاڕیال، کە تەنیا ئەو و چاڤی بە باشی لێیان دەڕوانی، بەڵام بەهۆی ئەو بڕە پارە زۆرەی ڤیاڕیال داوای دەکرد، سەرینەگرت.
 
دواتر چارەنووسی پاڵەوانانی ئەو پڕۆسەیە گۆڕا، فابیان رۆیز لە درەوشانەوە لەگەڵ پاریس بەردەوام بوو و گرێبەستەکەی درێژکردەوە، لەکاتێکدا ڤێراتی لە هەمان هاویندا بەرەو یانەی عەرەبیی قەتەری رۆیشت بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ، گاڤی تووشی پێکانێکی سەخت بوو و لە پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنا دوورکەوتووە، ئەلیمانیش ئێستا لە ئاتلێتیکۆ مەدریدە، لەکاتێکدا دیکۆ لە بارسێلۆنا جێگیر بووە بۆ بونیادنانی پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو لەگەڵ هانزی فلیک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە