ڤیدیۆ: ریال کلاسیکۆی بردەوە و لالیگای یەکلاکردەوە

22-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی ریال مەدرید
ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدرید توانی کلاسیکۆی ئیسپانیا لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبهێنێت و بە ئەنجامی 3-2 لە بارسێلۆنا بباتەوە. 
 
لە میانی یارییەکانی گەڕی 32ـی لالیگا، یانەی ریال مەدرید لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بارسێلۆنای کرد.
 
بلاوگرانا بە ئاستێکی بەرزەوە دەستی بە یارییەکە کرد و لە خولەکی شەش، لە رێگەی ئاندریاس کریستنسن گۆڵی یەکەمی یارییەکەی تۆمارکرد. 
 
دواتر ریال مەدرید دەستی بەهێرشبردن کرد و چەند هەلێكی گۆڵتۆمارکردنی درووستکرد. لە خولەکی 17ـی یارییەکەدا، لوکاس ڤازکێز هێرشێک دەبات و دەچێتە نێو هێڵی سزای بارسێلۆنا، پاو کوبارسیی بەرگریکاری بارساش یاریزانەکە بەردەداتەوە و بەوهۆیەوە ناوبژیوان لێدانی سزا لەبەرژەوەندی یانەی شاهانە هەژماردەکات، ڤینیسیۆس جونیۆر توانی بەسەرکەوتوویی لێدانەکە جێبەجێبکات و ئەنجامەکە بۆ ریال مەدرید یەکسانبکاتەوە.
 
لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، بارسێلۆنا لە هێرشەکانی بەردەوامبوو، ئەوەبوو لە خولەکی 69، فێرمین لۆپێز توانی گۆڵی دووەمی بلاوگرانا تۆماربکات و جارێکی دیکە یانەکەی پێشبخات. 
 
ئاهەنگگێڕانی کەتەلۆنییەکان زۆری نەخایاند، لە خولەکی 73، لوکاس ڤازکێز جارێکی دیکە دەرکەوتەوە و گۆڵی یەکسانبوونی ریال مەدریدی لە یارییەکەدا تۆمارکرد. 
 
ئەنجامی یارییەکە تاوەکو دوایین خولەکەکان بەو شێوەیە مایەوە، تاوەکو لە کاتی زیادکراوی گێمی دووەمی یارییەکەدا، جود بێلینگهام توانی گۆڵی سێیەم و سەرکەوتنی لۆس بلانکۆس لە یارییەکەدا تۆماربکات و سێ خاڵی گرنگ بۆ یانەکەی بەدەستبهێنێت.
 
بەم بردنەوەیە، ریال مەدرید پێگەی خۆی لە پێشەنگی لالیگا قایمترکرد، ژمارەی خاڵەکانی بۆ 81 خاڵ بەرزکردەوە و 11 خاڵ کەوتە پێش بارسێلۆنای پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە