رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر یانەی سێڤییا، بەدەستهێنا بە ئەنجامی 5-2، ئێوارەی یەکشەممە لە یاریگای 'سپۆتیفای کامپ نو'، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 28ـی لالیگا.
یانە کەتەلۆنییەکە لە خولەکەکانی سەرەتای یارییەکەوە بە بەهێزی دەستی پێکرد، کاتێک لە خولەکی 9دا رافینیا لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
زۆری نەخایاند کانسێلۆ توانی لێدانێکی سزای دیکە بەدەستبهێنێت، رافینیا دووبارە گەڕایەوە و لە خولەکی 21دا گۆڵی دووەمی لە رێگەی لێدانی سزاوە تۆمارکرد و باڵادەستی خاوەن ماڵی دووپاتکردەوە.
گوشارەکانی بارسێلۆنا لە نیوەی یەکەم بەردەوام بوون، تاوەکو دانی ئۆڵمۆ توانی لە خولەکی 38دا گۆڵی سێیەم تۆمار بکات.
پێش کۆتایی هاتنی نیوەی یەکەم، سێڤییا توانی جیاوازییەکە کەم بکاتەوە لە رێگەی ئوسۆ کە گۆڵی یەکەمی تیپەکەی لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراودا تۆمارکرد.
لە نیوەی دووەمدا، بارسێلۆنا لەسەر باڵادەستی خۆی بەردەوام بوو، رافینیا جارێکی دیکە درەوشایەوە و گۆڵی چوارەمی یانە کەتەلۆنییەکە و گۆڵی سێیەمی خۆی لە خولەکی 51دا تۆمارکرد و هاتریکەکەی لە یارییەکەدا تەواو کرد.
دوای چەند خولەکێکی کەم، جواو کانسێلۆ گۆڵی پێنجەمی بەرشەلۆنەی لە خولەکی 60دا تۆمارکرد و سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا.
لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا، سێڤییا توانی گۆڵی دووەمی خۆی لە خولەکی دووەمی کاتی زیادکراودا لە رێگەی جبریل سۆوە تۆمار بکات.
بەم سەرکەوتنە، بارسێلۆنا کۆی خاڵەکانی گەیاندە 70 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانی و جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدرید خاوەن 66 خاڵ فراوانتر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ