مانچێستەر سیتییە نوێکەی گواردیۆلا، نازناوی پرێمەرلیگ دەباتەوە؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی ئارسیناڵ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە مانگی 1ـی ئەمساڵدا زۆرینە وایان دەبینی ئارسیناڵ دەبێتە پاڵەوان، ئێستا جارێکی دیکە چاوەکان چوونەتەوە سەر مانچێستەر سیتی بۆ ئەوەی نازناوی پرێمەرلیگ بباتەوە، بەڵام پێپ گواردیۆلا هاوشێوەی هاندەران بیر ناکاتەوە و گومانی لەوە هەیە تیپەکەی، بتوانێت وەک ساڵانی رابردوو زنجیرە بردنەوەی درێژخایەن تۆمار بکات، ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی لە پێکهاتەی تیپەکەیدا روویداوە.
 
بردنەوە زەحمەتەکەی مانچێستەر سیتی بەرامبەر نیوکاسڵ بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ، وەک هەنگاوێکی گەورە بەرەو نازناوەکە بینرا، بەتایبەت دوای ئەوەی ئارسیناڵ لە چەند یارییەکدا خاڵی لەدەستدا، بەڵام گواردیۆلا دوای یارییەکە گوتی "بەڵێنتان پێ دەدەم، زۆر شت روودەدەن، هەستم وایە ئێمە ناتوانین هەموو یارییەکان ببەینەوە، نازانم بارودۆخی ئارسیناڵ چۆن دەبێت، بەڵام هەستم وایە ئێمە هەموو یارییەکان نابەینەوە".
 
ئاساییە خەڵک چاوەڕێ بکەن مانچێستەر سیتی دەست بە زنجیرە بردنەوەکان بکات، چونکە لە پێنج وەرزی رابردوودا هەمیشە لە کۆتاییەکاندا بە زنجیرە بردنەوەکان نازناوەکەی یەکلاکردووەتەوە، لە ساڵانی 2023 و 2024 بە بردنەوە یەک بەدوای یەکەکان پێش ئارسیناڵ کەوت، لە ساڵی 2019ـیشدا دوایین 14 یاریی وەرزەکەی بردەوە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا ئەم مانچێستەر سیتییەی ئێستا دەتوانێت هەمان کار بکات؟
 
گواردیۆلا کەمتر لە دوو هەفتە پێش ئێستا گوتی "کاتێک 60 بۆ 70 لەسەدی یاریزانەکانمان نوێن، ئەوەمان نییە کە لە رابردوودا هەمانبوو، ئێستا دەبێت بیسەلمێنین، نازانم دەتوانین سێ، چوار، پێنج یان شەش یاری لەسەریەک ببەینەوە یان نا".
 
مانچێستەر سیتی ئێستا لە قۆناخی گۆڕانکارییەکی گەورەدایە، زۆربەی ئەو یاریزانانەی پێشتر لە کاتە هەستیارەکاندا تیپەکەیان بەرەو نازناو دەبرد، ئێستا لە یانەکە نەماون، ئێدێرسۆن، کایڵ واکەر، مانوێل ئاکانجی، ئیلکای گوندۆگان، جاک گریلیش و کیڤن دێبرۆین لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە یانەکەیان جێهێشتووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی گەورە لە ئەزموونی تیپەکەدا.
 
ئێستا پێکهاتەی مانچێستەر سیتی 11 یاریزانی سەرەکی تێدایە کە لە دوای 1ـی مانگی 1ـی 2025 واژۆیان لەگەڵ یانەکەدا کردووە، تەنیا 10 یاریزان لە پێکهاتەی ئێستادا ماون کە پێشتر نازناوی گەورەیان لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە، لەوانەش رۆدری، بێرناردۆ سێلڤا، روبێن دیاز و ئێرلینگ هالاند کە لەلایەن گواردیۆلاوە وەک سەرکردەی تیپەکە دەستنیشان کراون.
 
گواردیۆلا ئاماژە بەوە دەکات کە تیپەکەی لە گێمی دووەمی یارییەکاندا کۆنترۆڵی نامێنێت و ناتوانێت تۆپ لە ژێر جڵەوی خۆیدا بهێڵێتەوە، ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی یاریزانە نوێیەکان هێشتا بەتەواوی لەگەڵ شێوازی یاریکردنی تیپەکە رانەهاتوون.
 
لەگەڵ ئەوەی ئارسیناڵ لە پێشەنگی پرێمەرلیگدایە، بەڵام دابەزینی ئاستی ئەم دواییەی ئەو یانەیە دەرگەی بۆ مانچێستەر سیتی کردووەتەوە، رەنگە جارێکی مانچێستەر سیتی هەموو یارییەکان بباتەوە، بەڵام ئەمە تیپێکی جیاوازە و ئەگەر هەیە ململانێی نازناو بەو شێوەیە نەبێت کە خەڵک پێشبینی دەکەن.
 
مانچێستەر سیتی ئێستا بە کۆکردنەوەی 56 خاڵ لە 27 یاریی لە پلەی دووەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ دێت و بە جیاوازیی تەنیا 2 خاڵ لەدوای ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە