بە ڤیدیۆ؛ لە یاریی نێوان زاخۆ و نەورۆز گرژیی و شەڕ روویدا

22-04-2025
دیمەنی یاریگاکە لەدوای دروست بوونی شەڕ و گرژییەکە
دیمەنی یاریگاکە لەدوای دروست بوونی شەڕ و گرژییەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ یانەی نەورۆز لە سلێمانی میوانداری یانەی زاخۆی کرد، لە خولەکەکانی کۆتایی شەڕ و گرژیی لەنێوان هاندەران و بەشێک لە یاریزانان دروست بوو، پێش تەواوبوونی، یارییەکە وەستێندرا، هیچ کام لە یانەکان گۆڵیان تۆمار نەکردبوو.

لە رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی خولەکەدا، یانەی نەورۆز لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر زاخۆ یاریی دەکات و دەیەوێت دوو یەکسانبوونی رابردووی قەرەبوو بکاتەوە و تیپەکەی بەبردنەوە شادبکاتەوە، بە تایبەت کە هاندەران لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لە ئاست و ئەنجامەکانی یانەکە رازی نەبوون.
 
لە کاتی دروستبوونی گرژییەکاندا منداڵێکی 8 مانگ ون ببوو؛ باوکی هاندەری یانەی زاخۆ بووە و قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: هاندەرانی یانەی نەورۆز هێرشیان هێنا، لە کاتی پاڵەپەستۆدا منداڵەکەم دیار نەما. 
 
پاش ماوەیەک لە گەڕان بەدوایدا، پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، کە منداڵەکە دۆزراوەتەوە و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.

 

ساتی ونبوونی منداڵەکە لە زاری باوکییەوە

 
بەپێی دوایین زانیاریی پەیامنێری رووداو، لە کاتی گرژیی و شەڕەکەدا نزیکەی 27 کەس بریندار بوون و تیمەکانی تەندروستی هەوڵی چارەسەر کردنیان داون و بەشێکیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
 

دایکی منداڵەکە باسی رووداوی ونبوونی منداڵەکەی بۆ رووداو دەکات

زاخۆ دوو یاریی رابردووی دۆڕاندووە، هاندەرانی ناڕازی و تووڕەن، چاویان لەوەیە یانەکە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باشتر لە دوو یاریی رابردوو هەبێت.
 
بەگوێرەی ڤیدیۆیەک کە بۆ رووداو نێردراوە، سەرەتای شەڕەکە لەنێوان چەند هاندەرێک دروست دەبێت، دواتر فراوانتر دەبێت و بەشێک لە هاندەران دێنە نێو یاریگە. 
 

ئەم ڤیدیۆیە دیمەنێکی سەرەتای گرژییەکانی یاریگەی نەورۆزە

پەیامنێری رووداو لە یاریگەی نەورۆزەوە گوتی: چەند کەسێک لە سیکیوریتییەکانی یاریگە و هێزە ئەمنییەکان و چەند هاندەرێک بریندار بوون. ئێستا یارییەکە راگیراوە و یاریگە چۆڵکراوە و هەوڵدەدرێت لە دەرەوەی یاریگەش گرژییەکان کۆتاییان پێبهێندرێن.
 

چەند دیمەنێکی دیکەی ساتی گرژییەکان ببینن

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە