ڤیدیۆ؛ یاریگەیەک رووخا و قوربانی گەورەی لێکەوتەوە

22-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی جەزائیر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە جەزائیر لە رووداوێکی نەخوازراودا پەرژینی یاریگەیەک رووخا و بەو هۆیەوە دەیان هاندەر برینداربوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا.
 
لە دوایین گەڕی یارییەکانی خولی تۆپی پێی جەزائیردا لە یاریی نێوان هەردوو یانەی مەولودیە و نەجم مەقرە، کە لە یاریگەی 5 جویلیەی 1962 بەڕێوەچوو، لە کاتی ئاهەنگگێڕانی هاندەرانی یانەی مەولودیە پەرژینی ئاسانینی یاریگەکە رووخا و هاندەران بەسەریەکدا کەوتن.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی جەزائیر لە رووداوەکەدا سێ هاندەر گیانیان لەدەستداوە، 50 هاندەری دیکە برینداربوون و برینی بەشێکیان قورسە.
 
رووداوەکە لەکاتێکدایە هاندەرانی یانەی مەولودیە خۆیان بۆ ئاهەنگگێڕان ئامادەکردبوو، بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی خولی تۆپی پێی جەزائیر، بەڵام ئەو رووداوە ئاهەنگەکەیان تێکدا.
 
 بەپێی لێکۆڵینەوەکان گوشاری زۆری هاندەران لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا بووەتە هۆکاری ئەوەی گەیتەکانی 7 و 8ـی یاریگە گوشاری زۆریان بکەوێتە سەر و ببێتە هۆکاری داڕمانی، هەر راستەوخۆ دوای رووداوەکەش تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ گواستنەوەی بریندارەکان.
 
بەهۆی رووداوەکەوە ئاهەنگەکانی یانەی مەولودیە و رێوڕەسمی بەرزکردنەوەی قەڵغانی خولی تۆپی پێی جەزائیر کە بڕیاربوو لە یاریگەکەدا بەڕێوەبچن بۆ کاتێکی نادیار دواخران.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە