بایرن میونشن بە گرێبەستێک هەمووان سەرسام دەکات

23-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بایرن میونشن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لەگەڵ ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری بەلجیکی گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت.
 
بایرن میونشن دوای هەوڵدانێکی زۆر بۆ رازیکردنی راهێنەرێک بۆ ئەوەی لە شوێنی تۆماس توخێل ببێتە راهێنەری یانەکە، لە کۆتاییدا یانەکە لەگەڵ کۆمپانی گەیشتووەتە رێککەوتن و تەنیا چەند وردەکارییەکی کەم ماوە بۆ راگەیاندنی گرێبەستەکەی.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی بایرن میونشن لەگەڵ کۆمپانی لەسەر وردەکارییەکان رێککەوتووە، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت، تەنیا ماوە رێککەوتن لەگەڵ یانەی بێرنلی رێککەوتن بکات بۆ دەستبەرداربوون لەو راهێنەرە.
 
بەرپرسانی کارگێڕیی یانەی بایرن میونشن متمانەیان بە تواناکانی ڤینسێنت کۆمپانی هەیە و بیرکردنەوەکانی بەلاوە جێگەی سەرنجە، لە یەکەم پەیوەندیی نێوانیاندا لەسەر زۆرینەی شتەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن و یانە ئەڵمانییەکە سەرجەم خەرجییەکانی گواستنەوەی راهێنەرەکە دابین دەکات.
 
چەند سەرچاوەیەک دەڵێن "کۆمپانی بەرەو ئەڵمانیا بەڕێکەوتووە و ئەگەری هەیە لە چەند کاژێری داهاتوودا بەفەرمی گرێبەستەکەی رابگەیێنرێت."
 
کۆمپانی لەکاتێکدا دەبێتە راهێنەری بایرن میونشن، یانەکە چاوی لەوەبوو یەکێک لە راڵف رانگنیک، ئۆلیڤەر گلاسنەر، ئۆنای ئێمری، هانزێ فلیک، رۆبێرتۆ دی زێربی بکاتە راهێنەری یانەکەی، بەڵام لە رازیکردنی هیچ یەکێک لەو راهێنەرانە سەرکەوتوو نەبوو.


 
یانەی بایرن میونشن لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی خراپ بوون، لە خولی ئەڵمانیا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و لە چامپیۆنزلیگیشدا بەرامبەر ریال مەدرید ماڵئاوایی کرد.
 
تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن پێشتر رۆیشتنی لە یانەکە لە کۆتایی وەرزدا راگەیاندبوو، یانەی بایرن میونشن بۆ ئەوەی پارەیەکی زۆری نەکەوێتەسەر دەیویست ئەو راهێنەرە ساڵێکی دیکە بمێنێتەوە، بەڵام راهێنەرەکە بەوە رازی نەبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە