رۆناڵدۆ بە یەک تەلەفۆن ئەفسانەیەکی ریال مەدرید دەباتە نەسڕ

23-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ فێرناندۆ هیێرۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی نەسڕی سعودی، نزیکە لە رێککەوتن لەگەڵ یەکێک لە ئەفسانە ئیسپانییەکانی یانەی ریال مەدرید، بۆ ئەوەی پێگەیەکی گرنگ لەنێو کارگێڕیی یانەکەدا وەربگرێت، ئەویش بە یارمەتی و لەسەر داوای کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی.
 
میدیاکان باس لەوە دەکەن کە تەلەفۆنێکی رۆناڵدۆ وایکردووە فێرناندۆ هیێرۆی کاپتن و ئەفسانەی پێشووی ریال مەدرید نزیک ببێتەوە لە وەرگرتنی پێگەیەکی کارگێڕیی لە یانەی نەسڕ.
 
یانە سعودییەکە بەدوای پاڵپشتی زیاتردا دەگەڕێت لە سەرجەم ئاستەکاندا، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو رکابەرییەکی بەهێز بکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی رۆشنی سعودیە، کە ئەم وەرزە سەرەڕای بوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و چەندین ئەستێرەی دیکە، نازناوەکەیان بۆ بەرژەوەندی یانەی هیلال لەدەستدا.
 
رۆژنامەڤانی ئیسپانی، فیلیکس دیاز، سەرنووسەری رۆژنامەی مارکا، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، ئاشکرای کرد کە فێرناندۆ هیێرۆ نزیکە لە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی نەسڕی سعودیە، لە ماوەی داهاتوودا.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانە سعودییەکە پەیوەندی بە هیێرۆوە کردووە، بۆ ئەوەی رازی بکات ئەو پۆستە لەنێو یانەی نەسڕدا وەربگرێت بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی زۆر لە بابەتەکانی تۆپی پێ لەنێو یانەکەدا.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، هیێرۆ بە بەرپرسانی رۆناڵدۆ و نەسڕی راگەیاندووە کە رازییە بەو دەستەوارەیە، بەڵام داوای کردووە تاوەکو کۆتایی وەرز لە خولی مەکسیک بمێنێتەوە. چونکە پۆستێکی لە یانەی چیڤاس لە مەکسیک هەیە.
 
فێرناندۆ هیێرۆی تەمەن 56 ساڵ، ژیانێکی وەرزشیی درێژخایەنی هەیە وەک کاپتنێکی ئەفسانەیی بۆ یانەی ریال مەدرید، دوای ئەوەی لە ساڵی 1989 لە یانەی ڤایادۆلیدەوە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد.
 
هیێرۆ تاوەکو ساڵی 2003 وەک یاریزان لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەردەوام بوو، پێش ئەوەی بچێتە یانەی رەیانی قەتەری، دواتر بۆڵتنی ئینگلیزی. دواتر لە ساڵی 2005 وازهێنانی خۆی راگەیاند.
 
دوای وازهێنانی، هیێرۆ بۆ ماوەیەک لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرەو کاری کارگێڕیی رۆیشت، کە لە ساڵی 2007 تاوەکو 2011 وەک بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی نیشتمانی مایەوە. دواتر بووە بەڕێوەبەری وەرزشی لە یانەی مەلەگای ئیسپانی.
 
هیێرۆ لە وەرزی 2014-2015 وەک یاریدەدەری کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی لە یانەی ریال مەدرید کاریکردووە، هەروەها لە ساڵی 2018 بۆ ماوەیەکی کورت راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە