پلانێکی نوێ بۆ هێشتنەوەی ئێمباپێ لە پاریس

24-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێشتا مشتومڕ لەسەر داهاتووی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان ماوە، بەهۆی ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی ئێستای لە 30ـی حوزەیرانی داهاتوودا کۆتایی دێت و هێستا دیارنییە یاریزانەکە لە پاریس دەڕوات یان دەمێنێتەوە.
 
بین جاکۆبس، پسپۆڕی بازاڕی گواستنەوەکان، دووپاتیکردەوە کە کارگێڕیی پاریس سانجێرمان هەوڵدەدات کارتێکی زۆر گرنگ لە دانوستانەکاندا بەکاربهێنێت بۆ رازیکردنی کیلیان ئێمباپێ بە مانەوە لە پاریس.
 
یەکێک لەو کارتانە ئەوەیە کە رێگەی پێدەدەن بەشداری لە هەردوو پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 و ئۆڵۆمپیادی پاریس بکات. بێجگە لەوەش یانە پاریسییەکە مووچەیەکی ساڵانەی 70 ملیۆن یۆرۆیی بۆ گۆڵکارە مێژووییەکەی تەرخانکردووە.
 
میدیاکانی فەرەنسا باس لەوە دەکەن کە کیلیان ئێمباپێ کەسانی نزیکی خۆی ئاگادارکردووەتەوە کە یاری بۆ یانەیەک ناکات کە رێگری بکات لە بەدیهێنانی خەونی بەشداریکردن لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد، کە وڵاتەکەی میوانداری دەکات.
 
لەلایەکی دیکەوە هیچ گەرەنتییەک لەلایەن ریال مەدریدەوە نییە، کە لە هاوینی داهاتوودا هەوڵدەدات کیلیان ئێمباپێ بەبێ بەرامبەر بباتە ریزەکانی، بەو پێیەی ئامادە نییە لە مانگەکانی حوزەیران، تەممووز و ئابدا رێگە بە یاریزانەکە بدات بۆ ماوەی 3 مانگ لەسەریەک ئامادەنەبێت.
 
لای خۆیەوە تێری هێنری، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی فەرەنسا، دووپاتیکردەوە کە بەنیازە ئێمباپێ بانگهێشتی ئۆڵۆمپیاد بکات ئەگەر هەلومەرج رێگەی پێبدات.
 
بین جاکۆبس، پسپۆڕی بازاڕی گواستنەوەکان، روونیکردەوە کە بەشداریکردنی ئێمباپێ لەو دوو پاڵەوانێتییەدا زیانێکی دارایی بە بڕی 17.5 ملیۆن یۆرۆ بەو یانەیە دەگەینێت کە یاری بۆ دەکات.
 
کیلیان ئێمباپێ، تەمەن 25 ساڵ، زیاتر لە جارێک پشتڕاستی کردبووەوە کە بڕیاری بەردەوامبوون یان جێهێشتنی نەداوە، نوێنەرەکانیشی ئەوەی باسکرابوو سەبارەت بە بوونی رێککەوتنێک بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە بکات رەتکردووەتەوە.
 
یانە مەدریدییەکە هەروەها ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن وادەیەکیان بە ئەستێرە پاریسییەکە داوە کە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە