ئینتەرمەیامی بەردەوامە لە بەهێزترکردنی ریزەکانی

24-04-2024
ئیحسان تاهیر
کاتی گرێبەستکردنی رۆخاس
کاتی گرێبەستکردنی رۆخاس
نیشانەکردن ماتیاس رۆخاس ئینتەرمەیامی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، بەردەوامە لە بەهێزترکردنی ریزەکانی بە ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ و ئەمجارە یاریزانێکی هەڵبژاردەی پاراگوای بردە ریزەکانی.
 
ماتیاس رۆخاس، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی پاراگوای و یانەی کۆرنچیانزی بەرازیلی، بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر پەیوەندی بە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکییەوە کرد.
 
ماوەی گرێبەستەکەی رۆخاس لەگەڵ ئینتەرمەیامی بۆ وەرزێکە و یاریزانەکە تاوەکو کۆتایی وەرزی 2024 لەگەڵ یانە ئەمەریکییەکە یاری دەکات، بەڵام دەکرێت دواتر گرێبەستەکەی درێژ بکرێتەوە.
 
ماتیاس رۆخاس، تەمەنی 28 ساڵە، یاریزانێکی ناوەڕاستی هێرشبەرە و لە ئاسۆنسیۆنی بەرازیلی لەدایکبووە. لە ئەکادیمیای لاوان لەگەڵ یانەی سێرۆ پۆرتینۆ دەستیپێکردووە پێش ئەوەی لە ساڵی 2014 بچێتە تیپی یەکەمی ئەو یانەیە. لە ساڵی 2023 رووی لە یانەی کۆرینچیانزی بەرازیلی کردووە و 30 یاری بۆ ئەو یانەیە کردووە.
 
رۆخاس 18 یاری بۆ هەڵبژاردەی پاراگوای ئەنجامداوە و لە ساڵی 2019 کاروانی وەرزشیی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵآتەکەی دەستپێکردووە، لە پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکای 2019 و لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022 یاری بە درێسی ئەو هەڵبژاردەیەوە کردووە.
 
رۆخاس گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەرمەیامی واژۆکرد و رایگەیاند کە زۆر دڵخۆشە بە یاریکردن بۆ ئەو یانەیە و هاوڕێیەتیکردنی کۆمەڵێک لە ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهان، لەسەرووشیانەوە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کاپتنی ئینتەرمەیامی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە