رووداو دیجیتال
ئەمڕۆ دووشەممە کاژێر 7:30ی ئێوارە هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکی دۆستانەدا لەنێو یاریگەی فەیحا لە شاری بەسرە میوانداری هەڵبژاردەی تاجیکستان دەکات.
هەڵبژاردەی عێراق بەسەرپەرشتی سریچکۆ کاتانیچ راهێنەی سلۆڤینی لەنێو کەمپێکی راهێناندایە لە بەسرە، ئەم یارییەش بەمەبەستی ئامادەکاری تیپەکەیە بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی قەتەر 2022، هەروەها هەریەک لە یاریزانە پیشەگەرەکانی هەڵبژاردەی عێراق سەفا هادی، بەشار رسن، عەلی عەدنان و موهەند عەلی لەگەڵ یاریزانەکانی خولی عێراق بەشداری راهێنانەکان دەکەن.
ماوەی دوو رۆژە شاندی هەڵبژاردەی تاجیکستان گەیشتوونەتە شاری بەسرە و تیپەکە دوو یەکەی راهێنانیان لەو شارە ئەنجامداوە.
ئەحمەد کۆچەر، ئەندامی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان لەنێو بارودۆخێکی زۆرباشدایە و مۆڕاڵی یاریزانانمان زۆر بەرزە، ئێمە دەمانەوێت یارییەکە ببەینەوە و تیپەکە لەسەر ریتمی سەرکەوتن بەردەوامبێت".
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ی قەتەر لە کۆمەڵەی سێیەمی کیشوەری ئاسیا رکابەری هەڵبژاردەکانی ئێران، بەحرەین، کەمبۆدیا، هۆنگ کۆنگ دەکات، عێراق خاوەن 11 خاڵە و پێشەنگی ریزبەندی گرتووە.
کۆچەر زیاتر روونیکردەوە "دوای ئەوەی 5 یاریزانی سەرەکیمان لە ریزی یانەی شورتە یاریدەکەن و ریزی هەڵبژاردەی عێراقیان جێهێشت و پەیوەندییان بە یانەکەیان کرد، کاتانیچ بڕیاریدا کە بانگهێشتی 5 یاریزانی دیکە بکات و بەخت بداتەوە ئەوان، هەروەها هێشتا پێکهاتەی کۆتایی دانەندراوە بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال".
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقدا شێرکۆ کەریم ئەستێرەی یانەی هەولێر تاکە یاریزانی کوردە، ئەم یاریزانە لە یاری رابردووی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر ئۆزبەکستان تاکە گۆڵی بردنەوەی هەڵبژاردەی عێراقی تۆمارکرد.
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا تەنیا جارێک لە 1986 گەیشتووەتە یارییەکانی مۆندیال لە مەکسیک، هەروەها لە 2007 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیای بەرزکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ