کارگێڕیی یانەی دهۆک هەڵبژێردرا و عەبدوڵڵا جەلال دەبێتەوە سەرۆکی یانەکە

24-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردنەکانی یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنەکانی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک ئەنجامدران و دەستەی کارگێڕیی یانەکە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو هەڵبژێردرا.
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکان بۆ کارگێڕیی یانەی دهۆک ئەنجامدران، لە کۆی 241 ئەندامی دەستەی گشتیی یانەکە 218 ئەندام بەشدارییان لە دەنگدان کرد و هەموو ئەندامانی کارگێڕیی پێشووی یانەکە متمانەیان پێدرایەوە و دوو ئەندامی نوێش بۆ یانەکە زیادکران.
 
لە هەڵبژاردنەکاندا، عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و بە 218 دەنگ جارێکی دیکە متمانەی بەدەستهێنایەوە، یوسف رەشید، جێگری سەرۆکی یانەی دهۆک بە 215 دەنگ بووەوە ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە، جاسم حاجی لە هەڵبژاردنەکاندا 209 دەنگی بەدەستهێنا و بە ئەندامی کارگێڕیی یانەکە هەڵبژێردرایەوە.
 
خالید موشیر، جارێکی دیکە متمانەی ئەندامانی دەستەی گشتی یانەکەی پێدرایەوە و بە 205 بووەوە ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک.
 
رێگر ئەحمەد، لە هەڵبژاردنەکاندا 208 دەنگی بەدەستهێنا، خالد محەممەد 203 دەنگی بەدەستهێنا، میللەت جەمال 198 دەنگی بەدەستهێنا، هشیار فەریق 203 دەنگی بەدەستهێنا و بوونەوە ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە و هەریەکە لە دلین کەمال وەکو تاکە خانم بە 205 دەنگ و عەلی مستەفا بە 204 دەنگ دەبنە ئەندامی نوێی کارگێڕیی یانەی دهۆک.

 
بەر لە هەڵبژاردنەکان عەبدوڵڵا جەلال، قسەی بۆ رووداو سپۆرتس کرد و گوتی "چوار ساڵی داهاتوو زۆر زەحمەتتر دەبن، یانەی دهۆک ئێستا ماڵێکی گەورە و ناوێکی دیارە و دەمانەوێت کاری زۆر باشتریش بۆ یانەکە بکەین، ئەو ورە بەرزییەی لەنێو هاندەرانی یانەکە هەیە پێویستی بە کارێکی گەورەترە."
 
هەرچەند بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان لە دوای کۆبوونەوەی یەکەمی دەستەی کارگێڕی پۆستی کارگێڕیی یانەکان دابەشدەکرێن، بەڵام جاسم حاجی بە رووداو سپۆرتسی گوت "کەس لە دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، شایستەتر نییە و ئێمە بڕیاری خۆمانداوە کە ئەو دەبێتەوە سەرۆکی یانەکە بۆ چوار ساڵی داهاتوو."




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە