مردوویەک ئێمباپێی لە فیکەی هاندەرانی پاریس رزگارکرد

25-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ئۆڵتراس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆڵتراسی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، ئەمڕۆ فیکە بۆ کیلیان ئێمباپێ لێنادەن، بەهۆی پرسەی کەسایەتییەکی گرنگی یانەکە.
 
کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، چاوەڕێی رووداوە سەرنجڕاکێشەکان دەکات لەو چەند یارییەدا کە ماویەتی بۆ پاریس سانجێرمان لەسەر یاریگەی پارک دی پرێنس ئەنجامیان بدات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە ئێمباپێ کارگێڕیی پاریس سانجێرمانی لە بڕیاری رۆیشتنی بەبێ بەرامبەر لە کۆتایی ئەم وەرزدا ئاگادارکردووەتەوە، دواتر گرێبەستەکانی گواستنەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید تاوەکو ساڵی 2029 واژۆکردووە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی لۆ پاریسیانی فەرەنسی، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی چوونی بۆ ریزەکانی یانەی ریال مەدرید، ئەمڕۆ ئێمباپێ یەکەم یاریی خۆی لە پارک دی پرێنس ئەنجام دەدات، کاتێک یانەی پاریسی کاژێر 19:05 لە گەڕی 23ـی لیگ وەندا میوانداریی یانەی رێن دەکات.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، ئۆڵتراسی پاریس سانجێرمان ئەمڕۆ بەرامبەر ئێمباپێ  فیکە لێنادەن، بەهۆی خواستی هاندەرانەوەیە کە لەم ساتەوەختە گرنگەی وەرزدا کیلیان ئێمباپێ بێهیوا نەکەن، بۆ ئەوەی کاریگەری بەسەر کۆی تیپەکەوە نەبێت، جگە لەوەی پێیانباشە سەرنجیان لەسەر ئەو رێزلێنانە بێت کە لە کۆچکردوو ئارسەر خۆرخێی راهێنەری پێشووی پاریس دەگیرێت، کە پێنجشەممەی رابردوو کۆچی دواییکردووە.
 
هەر لە هەمان چوارچێوەدا رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی بڵاویکردەوە، نوێنەرانی کیلیان ئێمباپێ داوایان لە ئۆڵتراس کردووە کە هیچ قسەی ناشیرین بە یاریزانەک نەدەن، لانیکەم تاوەکو بڕیاری فەرمی سەبارەت بە داهاتووەکەی دەدات.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمباپێ پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئۆڵتراسی پاریس سانجێرمان هەیە و لەوانەیە ئەوەش کاریگەری هەبێت.
 
ئەو سەرچاوانە زیاتر باسی دەکەن و دەڵێن "فایزە عەماری، دایکی ئێمباپێ، بەنیازە لە ماوەی داهاتوودا چەندین هەڤپەیڤینی تەلەڤزیۆنی ئەنجام بدات، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانییەکانی رۆیشتنی کوڕەکەی لە فەرەنسا".
 
سەرەڕای هەموو ئەمانە، بەشێک لە هاندەرانی پاریس سانجێرمان لە ئێستاوە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی رێز لە ئێمباپێ بگرن کاتێک لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دوایین یاری بۆ یانەکە ئەنجام دەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە