ریال مەدرید ئامادەیە و مۆرینیۆ دەیەوێ بە سوپرایزێک هەمووان شۆک بکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ ئەلڤارۆ ئەربێلوا چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بۆ یاریی گەڕانەوەی پاشکۆی چامپیۆنزلیگ ئامادەیە، پێویستە لە باشترین ئاستی خۆیدا بێت بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
رۆژی سێشەممە لە ڤالدێبێباس یانەی شاهانە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی ئەنجامدا، بەڵام ئەوەی بۆ هەمووان چاوەڕواننەکراو بوو پێکانی کیلیان ئێمباپێ بوو، کە نەیتوانی مەشقەکان تەواو بکات و بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات.
 
ریال مەدرید یاریی چوونی بە گۆڵێکی ڤینیسیۆس جونیۆر بردووەتەوە، ئەو رووداوانەی لە یاریگەی بێنفیکا روویانکرد، گەرموگۆڕییەکی زیاتر بە یارییەکە دەدەن و چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو بێرنابیۆ بەیەکەوە پاڵپشتیی ڤینیسیۆس جونیۆر بکات.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ، کە تاوەکو ئێستا ریال مەدرید بەفەرمی راینەگەیاندووە، رۆدریگۆ، جود بێلینگهام، دانی سێبایۆس و ئێدێر میلیتاو بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
ئەگەر لە یارییەکەی ئەمشەودا، ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەلڤار کارێراس و ئورلیێن چوامینی، کارتی زەرد وەربگرن و ریال مەدرید بگاتە قۆناخی شازدە، لە یاریی چووندا ناتوانن یاریی بکەن.
 
لە دوای 1965ـەوە یەکەمجارە بێنفیکا دەچێتە یاریگەی ریال مەدرید، هەردوو یانە پێنج یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ریال مەدرید دوو یاری و بێنفیکا 3 یاریی بردووەتەوە.
 
یانەی بێنفیکا یاریی رابردووی دۆڕاندووە، بەڵام خۆی باش بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و چاوی لەوەیە سوپرایزێک لە بێرنابیۆ بکات بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
 
ئەوەی بۆ هەمووان چاوەڕواننەکراو بوو، گەشتکردنی جیانلوکا پێرستیانی بوو لەگەڵ شاندی یانەکە و دوای ئەوەش بەشداریکردنی لە دوایین مەشقەکانی تیپەکەدا لە بێرنابیۆ، سەرەڕای ئەوەی بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
جگە لەوەش جۆزێ مۆرینیۆ، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوورەوە لەسەر هێڵی یاریگە نابێت و ناتوانێت لە نزیکەوە رێنوێنی بداتە یاریزانەکانی.
 
چاوەڕواندەکرێ ئەمشەو یاریگەی بێرنابیۆ پاڵپشتییەکی بەهێزی ڤینیسیۆس جونیۆر بکەن، بەهۆی ئەو رووداوانەی لە یاریی چووندا لەنێوان ئەو و پرێستیانیدا روویاندا.
 
براوەی ریال مەدرید و بێنفیکا، بەرامبەر یەکێک لە یانەکانی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و سپۆرتینگ لیسبۆنەی پۆرتوگالی یاریی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە