رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین تێدەپەڕێت.
ساڵێک لەمەوبەر لە شەوی 25-11-2020 هەواڵی کۆچی دوایی دیێگۆ مارادۆنا جیهانی هەژاند، پارێزەرەکەی یەکەم کەسبوو هەواڵی کۆچی دوایی ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێی پشتڕاستکردەوە.
کۆچی مارادۆنا کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا و ئەرجەنتین، بۆ رێزگرتن لە کاروانی پڕ شانازی ئەو ئەستێرەیەی سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی راگەیاند.
لیۆنێل مێسی لە ساڵیدا کۆچی دواییکردنی مارادۆنادا دەڵێت " هێشتا لە شۆکدام بۆ کۆچی دوایی ئەو، وەک ئەوەی دوێنێ روویدابێت، هێشتا ناتوانین دەربڕین لە هەستەکانمان بکەین."
مێسی لەلێدوانێکیدا بە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی گوت " بڕواناکەم ساڵێکە ماڵئاوایی لێکردووین، خۆزگە لەوێ دەبوو دوای ماوەیەکی درێژ دەیبینی ئەرجەنتین پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا دەباتەوە."
لیۆ هێشتا گوتی " هەمیشە ئەو بیرەوەرییانە بەبیر دەهێنمەوە کە بەیەکەوە تێیدا هاوبەشبووین، ئەو بۆ هەمیشە لە دڵماندا بە نەمری دەمێنێتەوە.
بۆ رێزگرتن لە مارادۆنا و تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێی ئەرجەنتین، ئەمڕۆ لە ئەرجەنتین و شاری ناپۆلیی ئیتاڵیا چەند رێورەسمێک بەڕێوەدەچن، بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمەکانی ساڵیادی کۆچی دواییدا، چەند هاندەرێکی ئەرجەنتین و یانەی بۆکا جونیۆرز لە بۆینس ئایرسەوە چوونەتە شاری ناپۆلیی ئیتاڵیا.
هەر دوای کۆچی دوایی مارادۆنا، یانەی ناپۆلی ئیتاڵیا کە یەکێک لە گرنگترین وێستگەکانی یارییکردنی لەو یانەیە بووە، ناوی یاریگەکەی لە سان پاوڵۆوە بۆ یاریگەی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا گۆڕی و لە چەند گەڕی رابردووی سێریا ئەیشدا بەدرێسێکی تایبەتەوە یارییکردووە کە وێنەی مارادۆنای لەسەر نەخشێندرابوو.
ساڵێک دوای کۆچی دوایی مارادۆنا هێشتا گومانەکان لەسەر کۆچی دوایی ئەو زۆرن و لێکۆلینەوە لە هۆکارەکانی مردنی ئەو بەردەوامە، کە لە ئاداری رابردوودا ئەو دادوەرانەی لێکۆڵینەوە لە مردنی ئەفسانەی تۆپی پێ، دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا دەکەن، 7 کەسیان بە تاوانی کوشتنی مارادۆنا تۆمەتبار کرد و بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی دادگا کران.
ئەوکات داواکاری گشتی شاری سان ئایسیدرۆ، لە بۆینس ئایرس بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئەوەی رێگە بەو تۆمەتبارانە نەدرێت ئەرجەنتین جێبهێڵن تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەکە تەواو دەبێت.
تۆمەتباران کە هەموویان لە مانگی 11ـی رابردوودا ئامادەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مارادۆنا بوون، بریتین لە، ریکاردۆ عومەر ئەلمێرۆن و داهیانا گیسێلا مەدرید لە بەشی پەرستاری، ماریانۆ پێرۆنیی رێکخەری پەرستاری، هەروەها نانسی فلۆرێنی ئەو پزیشکەی لە ماڵەوە چارەسەری مارادۆنای دەکرد، دکتۆری پزیشکی دەروونی کارلۆس ئانخێل دیاز، ئاگۆستینا کوزاکۆڤی دەروونزان و لیۆپۆلدۆ لۆکی پزیشکی نەشتەرگەری دەمار.
داواکاری گشتی لێکۆڵینەوە لەو پسپۆڕانە دەکرد بە تاوانی ئەوەی گوایە تاوانی کوشتنی نایاساییان ئەنجام داوە، بەڵام دواجار بە تاوانی کوشتن تۆمەتبارکران، کە پێشبینی دەکرێت سزایان لە نێوان 8 بۆ 25 ساڵ زیندانی بێت.
دەنگۆی ئەوە لە ئەرجەنتین بڵاوبووەتەوە گوایە دڵی مارادۆنا لەنێو گۆردا دزراوە، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئەو پرسیارە لە نێلسۆن کاسترۆ، پزیشک و رۆژنامەڤانی ئەرجەنتینی کرا؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "هەندێک هاندەری دەمارگیر و عاشقی مارادۆنا هەن، دەیانویست لەنێو گۆڕەکەیدا دڵی مارادۆنا بدزن، بەڵام نەیانتوانی ئەوە بکەن، پزیشکەکان دڵی مارادۆنایان دەرهێنا، چونکە ئەوە زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی لێکۆلینەوە لە دۆخ و هۆکارەکانی مردنی بکەن".
ئەو پزیشک و رۆژنامەڤانە، زیاتر گوتی "مارادۆنا بەبێ دڵ نێژراوە، کێشی دڵی نیو کیلۆگرام بوو، دڵی ئەو زۆر گەورە بوو، چونکە بەشێوەیەکی گشتی دڵی مرۆڤ 300 گرامە، بەڵام گەورەیی دڵی مارادۆنا بەهۆی ئەوەبوو کە کێشەی هەبوو، زێدەباری ئەوەی یاریزانی تۆپی پێش بوو".
کاسترۆ دووپاتیشیکردەوە، کە مارادۆنا بەشێوەیەکی ترسێنەر و باوەڕپێنەکراو ئاڵوودەبوو بە هەر شتێکی خراپ و گوتی "هەر کەسێکی دیکە بووایە زۆر زووتر لە مارادۆنا دەمرد، بەڵام ئەو جەستەیەکی بەهێزی هەبوو، کە توانای بەرگەگرتنی زۆر بەهێزبوو".
چەند پەیامێکی دوای راگەیاندنی کۆچی دوایی مارادۆنا
ئێدسۆن ئەرانتێس، ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیلی کە ناسراوە بە "پێلێ"، لە پەیامێکی هاوخەمییدا بۆ کۆچی مارادۆنا گوتی "هیوادارم لە ئاسمان پێکەوە یاریی تۆپی پێ بکەین". هەروەها لیۆ مێسی نووسیویەت "ماڵئاوا ئەفسانە".
هەروەها کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بۆ مەرگی مارادۆنا نووسیویەتی "ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە هاوڕێیەک دەکەم و جیهانیش ماڵئاوایی لە بلیمەتێکی هەمیشە زیندوو دەکات. یەکێک لە هەرە باشترینەکان. جادووگەرێکی بێهاوتا. زۆر زوو جێیهێشتین، بەڵام لەدوای خۆی هەژموونێکی بیسنوور بەجێدێڵێت و بۆشاییەکیش کە هەرگیز پڕناکرێتەوە. ئارام بنوو. تۆ هەرگیز لەیادناکرێیت".
یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی کە یەکێک بوو لەو یانانەی مارادۆنا لە ئەوروپا یاریی بۆ بکات لەبارەی مەرگیەوە دەڵێت "جیهان چاوەڕێی وشەکانمانە، بەڵام هیچ وشەیەک بۆ باسکردنی ئەو ئازارە نییە کە ئێمە پێیدا تێدەپەڕین. ئێستا کاتی خەمە".
هاوکات یانەی بارسێلۆنا کە پێشتر مارادۆنا یاریی بۆ کردووە، هاوخەمیی یانەکەی دەربڕیوە و نووسیویەتی "سوپاس بۆ هەموو شتێک، دیێگۆ"، هەروەها نووسیویشیەتی "دوو ساڵ لە جادوو لە کامپ نوو".
دیێگۆ مارادۆنا لە 30ی تشرینی یەکەمی 1960 لەدایکبووە، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، دوای دوو هەفتە و لە 11ی تشرینی دووەم لە نەخۆشخانە دەرچوو، ئەمڕۆ 25ی تشرینی دووەمی 2020 کۆچی دواییکرد.
بەپێی سەرچاوە جیهانییەکان، ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێ نەشتەرگەریی مێشکی بۆ کراوە. پارێزەرەکەی باسی لەوە کردووە، ئەو یاریزانە هۆگری خواردنەوە کهولییەکان بووە و بەردەوام چارەسەری بۆ ئەو مەبەستە وەرگرتووە.
لە ساڵی 1996 دیێگۆ مارادۆنا بە ئاشکرا رایگەیاند "هۆگری ماددەی هۆشبەرم و هەمیشەش هۆگری دەبم"، لە ساڵی 2000 بەهۆی کێشانی ماددەی هۆشبەرەوە تووشی فێ بووە، لە ساڵی 2004 جەڵتەی دڵ لێیداوە، ساڵێک دواتر ناچاربوو نەشتەرگەری بکات، لە ساڵی 2007 جارێکی دیکە تەندروستیی تێکچووە و چووەتە نەخۆشخانە. مارادۆنا لە ساڵی 2004ەوە خواردنەوەی کهولی دەخواتەوە، بەو هۆیەشەوە لە جامی جیهانیی ساڵی 2018 رەخنەی لێگیرا.
بەپێی هەندێک سەرچاوە، لە ساڵی 2017 مارادۆنا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو، ماوەی 13 ساڵە دەستی لە ماددەی هۆشبەر هەڵگرتووە.
لە ساڵی 1986 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین توانیویەتی جامی جیهانی بەدەستبهێنێت، یاریی بۆ هەریەکە لە یانەکانی بۆکا جونیۆرس، ناپۆلی و بەرسێلۆنا کردووە و لەسەر ئاستی جیهان هەوادارێکی زۆری هەیە.
مارادۆنا کێیە؟
دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا
لە 30-10-1960 لە شاری لانوسی ئەرجەنتین لە دایکبووە
لە 1969 تاوەکو 1994 یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهان بووە
لەسەر ئاستی یانەکان لەم یانانە یارییکردووە
ئەرجەنتینیۆس جونیۆر - لە 1976 تاوەکو 1981 لە 166 یارییدا 116 گۆڵی کردووە.
بۆکا جونیۆرز - لە 1981 تاوەکو 1982 یارییکردووە، لە 40 یارییدا 80 گۆڵی کردووە.
بارسێلۆنا - لە 1982 تاوەکو 1984 یارییکردووە، 36 یارییدا 22 گۆڵی کردووە.
ناپۆلی - لە 1984ـەوە تاوەکو 1991 لە 188 یارییدا 81 گۆڵی کردووە.
سێڤییا - لە 1992 تاوەکو 1993 لە 26 یارییدا 5 گۆڵی کردووە.
نیوڵز ئۆڵد بۆیز - لە 1993 - 1994 یارییکردووە، لە 5 یارییدا هیچ گۆڵێکی نەکردووە.
بۆکا جونیۆرز - لە 1995 تاوەکو 1997 یارییکردووە، لە 30 یارییدا 7 گۆڵی کردووە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین
ئەرجەنتینی خوار 20 ساڵ - لە 1977 تاوەکو 1979 یارییکردووە، لە 15 یارییدا 8 گۆڵی کردووە.
هەڵبژاردەی یەکەمی ئەرجەنتین - لە 1977 تاوەکو 1994 لە 91 یارییدا 34 گۆڵی کردووە.
نازناوەکانی مارادۆنا
خولی ئەرجەنتین لەگەڵ بۆکا جونیۆرز لە 1981
جامی شای ئیسپانیا لەگەڵ بارسێلۆنا لە 1982-1983
خولی ئیسپانیا لەگەڵ بارسێلۆنا لە 1983
جامی سوپەری ئیسپانیا لەگەڵ بارسێلۆنا لە 1983
خولی ئیتاڵیا لەگەڵ ناپۆلی لە 1986-1987، 1989-1990
جامی ئیتاڵیا لەگەڵ ناپۆلی لە 1986-1987
جامی سوپەری ئیتاڵیا لەگەڵ ناپۆلی لە 1990
جامی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ ناپۆلی لە 1988-1989
جامی جیهانی لاوان لەگەڵ ئەرجەنتین لە 1979
جامی جیهانی 1986 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
مارادۆنا وەک راهێنەریش کاریکردووە
لە 1994 راهێنەری دیپۆرتیڤۆ ماندیوی ئەرجەنتینی بووە
لە 1995 بووەتە راهێنەری رایسینگ کلەبی ئەرجەنتینی
لە 2008 تاوەکو 2010 راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بوو
لە 2011-2021 راهێنەری یانەی وەسلی ئیماراتی بوو
لە 2013 تاوەکو 2017 یاریدەدەری راهێنەری دیپۆرتیڤۆ ریێسترای ئەرجەنتینی بوو
لە 2017-2018 راهێنەری یانەی فوجیرەی ئیماراتی بوو
لە 2018-2019 راهێنەری دۆرادۆس دێ سیالوای مەکسیکی بوو
لە 2019-2020 راهێنەری خیمناسیا لاپلاتای ئەرجەنتینی بوو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ