رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕ، لە گەڕی 21ـی خولی رۆشنی سعودیەدا، بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی شەبابی میوانداری خۆی بردەوە، کە نۆیەم یارییە ئەو یانەیە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا دەباتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی له خولەکی 21ـی یارییەکەدا بە لێدانی سزا گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی نەسڕ تۆمارکرد، بەڵام بەر لە کۆتایی گێمی یەکەم، یانیک کاراسکۆش به لێدانی سزا گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ شەباب تۆمارکرد.
لە نیوەی دووەمدا ئاندەرسۆن تالیسکای بەرازیلی دوای تەنیا دوو خولەک جارێکی دیکە نەسڕی پێشخستەوە و گۆڵی دووەمی بۆ تۆمارکرد.
شەباب خۆی بەدەستەوە نەدا و جارێکی دیکە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، کاتێک کارلۆس جونیۆر لە خولەکی 67ـدا توانی تۆڕی گۆڵی نەسڕ بهەژێنێت.
چوار خولەک پێش کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە، تالیسکا گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی نەسڕی تۆمارکرد و یارییەکە بە سەرکەوتنی رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی کۆتاییهات.
بەم سەرکەوتنە، نەسڕ ژمارەی خاڵەکانی بۆ 52 خاڵ بەرزکردەوە و لە پلەی دووەمی ریزبەندیدایە، لە کاتێکدا شەباب پلەی یانزدەی گرتووە و 24 خاڵی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ