رووداو دیجیتاڵ
یاریی ئامەدسپۆر لەگەڵ بۆدرووم سپۆر بە ئەنجامی 1 - 1 یەکسان بوو. ئەگەرچی نەیبردەوە، بەڵام هیوای بۆ گەیشتن بە خولی سوپەرلیگی تورکیا لەدەست نەداوە و یارییەکی ماوە.
ئامەدسپۆر کە ئێستا لە پلەی دووەمی خولی پلە یەکی تورکیایە، چاوی لەوەیە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا، بگاتە خولی سوپەرلیگی تورکیا و بچێتە ریزی یانە گەورەکانی ئەو وڵاتە و رکابەریی لەگەڵ گاڵاتەسەرای، بێشکتاش و فەنەرباخچە و یانەکانی دیکە بکات.
بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، ئامەدسپۆر پێویستی بەوەیە یاریی داهاتوو بباتەوە و یانەی ئێرۆک سپۆری رکابەری، کە پلەی دووەمی ریزبەندییەکەی گرتووە، بدۆڕێت یان یەکسان بێت.
ئامەدسپۆر، چەندە چاوی لە دەستی خۆی و یارییەکەی داهاتوویەتی، ئەوەندەش پێویستی بە لەدەستدانی خاڵ لەلایەن یانەی ئێرۆک سپۆر خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندیی خولەکە هەیە، بۆ ئەوەی رێگە بۆ ئامەدسپۆر خۆش بێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەربکەوێت.
ئەگەر ئامەدسپۆر نەتوانێت راستەوخۆ بگاتە سوپەرلیگ، دەچێتە یاریی کۆتایی پلەی ئۆف و لەوێ چاوەڕێی براوەی یارییەکانی دیکە دەکات.
یارییەکانی دیکە لە نێوان یانەکانی دیکەی خولەکە بەڕێوەدەچێت و خاوەن پلەی چوارەم و پێنجەمی ریزبەندییەکە بەرامبەر یەک یاریی دەکەن، هەروەها خاوەن پلەی شەشەم و حەوتەمیش رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. دواتر براوەکانی هەردوو یارییەکە، بەرامبەر یەکدی یاریی دەکەن و سەرکەوتوو لەو یارییەوە، دەگاتە یاریی کۆتایی پلەی ئۆف و رووبەڕووی ئامەدسپۆر دەبێتەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر بلیتی سێیەمی گەیشتن بە سوپەرلیگ.
ئامەدسپۆر تاوەکو ئێستا لە کۆی 37 یاریی کە لە خولەکەدا ئەنجامیداوە، 73 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیایە، ئیرۆک سپۆر لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەیە و پێشەنگیش بەدەست ئەرزڕووم سپۆرتە بە کۆکردنەوەی 80 خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ