رووداو دیجیتاڵ
رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری ئۆرۆگوای هەڵوێستی کۆتایی خۆی سەبارەت بە جێهێشتنی یانەی بارسێلۆنا لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا یەکلاییکردەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، ئاراوخۆ کە گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2031 لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بەردەوامە، بڕیاریداوە بۆ چەند وەرزێکی دیکەش لەگەڵ بارسا بمێنێتەوە و قۆناخی بیرکردنەوە لەو دەستەوارە دەرەکییانەی کە پێشتر بۆی هاتبوون تێپەڕێنێت.
ئەم بەرگریکارە نێودەوڵەتییە بەتەواوی توانا و وزەی خۆیەوە گەڕاوەتەوە بۆ یارمەتیدانی تیپەکەی لەوەی لە رکابەرییەکانی ئەم وەرزەدا ماوە، ئەمەش دوای تێپەڕاندنی قۆناخێکی سەخت کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا پێیدا تێپەڕی و بووە هۆی ئەوەی بۆ چەند هەفتەیەک لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە.
هەرچەندە لەم دواییانەدا رۆڵی لە پێکهاتەی سەرەکیدا کەمێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەو پێیەی لە چوار یاری لە دوایین پێنج یارییدا لە پۆستی بەرگریکاری باڵی راستدا یاری کردووە، بەڵام پابەندییەکی تەواوی بەئەنجامدانی ئەو ئەرکانەوە نیشانداوە کە پێی سپێردراون.
سەبارەت بەو راپۆرتانەی ناوی ئەو دەخەنە لیستی ئەو یاریزانانەی کە بڕیارە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بفرۆشرێن، یاریزانەکە هیچ گرنگییەک بەو هەواڵانە نادات.
ئەم بەرگریکارەی دڵی بەرگری ئۆرۆگوای تووشی نیگەرانی و بێهیوایی نەبووە، چونکە بەباشی درک بە تواناکانی خۆی دەکات بۆ پێشکەشکردنی باشترین ئاست تاوەکو کۆتایی وەرز، و هەوڵ دەدات یارمەتی هاوڕێکانی بدات؛ لە هەمانکاتدا چاوی لە ئاڵنگاریی داهاتوویەتی کە ئەویش بەشداریکردنە لە پاڵەوانێتی مۆندیال وەک یاریزانێکی سەرەکی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
ئاراوخۆ دەیەوێت مۆندیال وەک سەکۆیەک بۆ دەستپێکردنەوەیەکی بەهێزی کاروانەکەی بەکاربهێنێت، ئەمەش هاندەرێکی زیاتری پێدەبەخشێت بۆ پێشکەشکردنی باشترین ئاست لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ ئەوەی وەرزەکە لە لالیگا بەباشترین شێوە کۆتایی پێبهێنێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی وەک بژاردەیەکی سەرەکی لە پێکهاتەی تیپەکەدا لە وەرزی داهاتوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ