رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لە بڵآوکراوەیەکی فەرمیدا دووپاتیکردەوە کە لامین یامالی یاریزانی گەنجی، ئامادە دەبێت بۆ بەشداریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە پاڵەوانێتی مۆندیال، کە مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەستپێدەکات، سەرەڕای ئەوەی وەرزەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بەهۆی پێکانەوە کۆتایی هاتووە.
بڵاوکراوە فەرمییەکەی بارسێلۆنا وردەکاریی وردی لەبارەی جۆری پێکانەکەی تێدابوو کە یاریزانەکە لە یارییەکانی ئەوەی لە وەرزەکە ماوە دووردەخاتەوە، لەگەڵ ئاماژەیەکی روون بۆ توانای گەیشتنی بە مۆندیال.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاماژەکردنی بارسێلۆنا بۆ پاڵەوانێتییەکی دەرەکی کە راستەوخۆ پەیوەندی بە یانەکەوە نییە، لە جۆری خۆیدا کارێکی بێ وێنەیە؛ چونکە بارسا روونیکردووەتەوە کە سەرەڕای مەترسیداری پێکانەکە و ماوەی درێژی دوورکەوتنەوەی، بەڵام یامال لەگەڵ لارۆخا لە مۆندیالدا ئامادە دەبێت.
ئەم وردەکارییەی کۆتایی بڵاوکراوەکە جێگەی سەرسوڕمانی چاودێران بوو، بەهۆی تایبەتمەندی دۆخەکە و کاتەکەی.
چاودێران وایان دەبینی کە تێوەگلانی وردەکاریی تایبەت بە لارۆخا نیشانەی خەمخۆرییەکی زۆر یان دڵەڕاوکێی بارسێلۆنایە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لە بابەتێکدا کە راستەوخۆ پەیوەندی بە قەوارەی یانەکەوە نییە، بەڵام پشتپەردەی بڕیارەکە رەهەندی زۆر سادەتر و روونتری هەیە لەوەی بڵاوکراوەتەوە.
هۆکاری دارشتنی بڵاوکراوەکە بەم شێوەیە دەگەڕێتەوە بۆ باری دەروونی سەختی لامین یامال، چونکە یاریزانەکە زۆر کاریگەر بووە بە شۆکی دوورکەوتنەوەی لە یارییەکانی ئەوەی لە وەرزەکە ماوە.
کارگێڕیی بارسێلۆنا پێی باش بووە لایەنێکی هەستیاری و هاوسۆزی لە بڵاوکراوە فەرمییەکەیدا نیشان بدات، و پەیامێکی پاڵپشتی ئاراستەی یاریزانەکە بکات بۆ کەمکردنەوەی قورسایی شۆکە دەروونییەکە لەسەری لەم کاتە هەستیارەدا.
ئەم هەنگاوە هیچ رەهەند و پاساوێکی دیکەی لەپشت نییە جگە لە ئارەزووی سنووردارکردنی کاریگەرییە مەعنەوییە نەرێنییەکان لەسەر ئەم یاریزانە گەنجە، و هەوڵدان بۆ نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵیدا لە ساتێکی هەستیاری کاروانەکەیدا، ئەویش لەڕێگەی دڵنیاکردنەوەی بەوەی کە رووناکییەک لە کۆتایی تونێلەکەدا هەیە و خەونە نزیکەکەی هێشتا کۆتایی نەهاتووە، سەرەڕای مەترسیداری ئەو پێکانەی تووشی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ