مێرکاتۆی هاوینە.. بازاڕێکی سەیر..

26-07-2016
ڕێبوار محه‌مه‌د
نیشانەکردن مێرکاتۆ
A+ A-

کاتێک دەڵێم مێرکاتۆی ئەمساڵ بازاڕێکی سەیرە، ناهەقم مەگرن، لە بازاڕی ئەمساڵدا هەموو شت گۆڕاوە، ئەوەشی بە پلەی یەکەم ئەو گۆڕانکارییەی دروستکردووە بەبڕاوی من ئینگلیزەکانن.

یانە ئینگلیزییەکان، ئەوانەی لە پرێمەرلیگدا بەشدارن. ئێستا هیچ کامێکیان ساڵانە لە 50 ملیۆن پاوەند کەمتریان لە داهاتی پەخشی تەلەڤزیۆنی یارییەکانیانەوە پێنابڕێت، بۆیە ئیدی نەخشەی تۆپی پێ لەو مەملەکەتە کە بڕیاریداوە لە یەکێتی ئەوروپاش بێتە دەرەوە، گۆڕانی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و لە ساڵەکانی داهاتوودا ئەوە زیاتریش بەرجەستە دەبێت.

راستە هێشتا هیچ گرێبەستێکی فەلەکی لەو خولەدا رووینەداوە و ئەگەر هەیە پۆل پۆگبا بە 120 ملیۆن ئەوە بشکێنێت، بەڵام یانە ئینگلیزییەکان بازاڕیان گەرمکردووە. گەرمکەری یەکەمیش چێڵسی و مانچێستەر یونایتدن، دوای ئەوانیش بێگومان مانچێستەر سیتی و ئینجا، لیڤەرپوول و پاشان ئەوانیدیکە بە ئارسیناڵیشەوە.

کە دەڵێم ئینگلیزەکان، بەڵگەم پێیە. وەرزی رابردوو هەموو خولی ئینگلیزی بایی 822 ملیۆن و نیو گرێبەستیکردووە، ئێستا وەک رۆژنامەی گاردیان دەڵێ، ئەو ژمارەیە لە لێواری شکاندایە و ئەم هاوینە کە هێشتا نزیکەی 40 رۆژ گواستنەوەی لەبەردەمدا ماوە، گرێبەستی گەورەتر بەخۆوە دەبینێت. ئاخر هێشتا تۆتێنهام، ئارسیناڵ لە پاش شاکاوە و ئیڤێرتۆنی داڤید مۆیس و سیتی گواردیۆلا لە دوای گۆندۆگان و نۆلیتۆوە و چێڵسیش لە دوای کانتێوە نەجوڵاوە، چەندین یانەی دیکە شتێکی ئەوتۆیان نەکردووە.

هاوینی رابردوو تەنیا 5 گرێبەست بەهاکانیان لەسەرووی 30 ملیۆن پاوەندەوە بوو، ئەمساڵ هێشتا هیچ نەبووە چەندین گرێبەستی لەو بەهایە گرانتر روویانداوە یان نزیکن لە روودانەوە.

ئەمە سەیرییەکی لە بازاڕدا دروستکردووە و سەیرییەکە پەڕیوەتەوە وڵاتانی دیکەش.

لە ئیتاڵیا یۆڤینتۆس لە هەمووان چالاکترە، هیگواین بۆمبی هاوینەیە و یۆڤی بۆ خۆپاراستن لە بێنە و بەرەی دی لاورێنتسی سەرۆکی ناپۆلی، پەنای بردە بەر شکاندنی مەرجی سزایی شکاندنی گرێبەستی ئەو یاریزانە کە 94 ملیۆن یۆرۆیە، ئەمە جیا لە پیانیچ، بن ئەتییە، ئەلڤێش و رۆیشتنی مۆراتا و کوادرادۆ.

لە ئیسپانیا نەهەنگەکەی ساڵانی پێشوو کە ریال مەدریدە هێشتا بێدەنگە، پێدەچێ زیدان کاریگەریی لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی سەرۆکی یانە دانابێت و هێشتا ئەو یانەیە جگە لە گێڕانەوەی هەندێک یاریزانی خواستراوی خۆی لەلایەن یانەکانی دیکەوە شتێکی ئەوتۆی نەکردووە. بێگومان ئەمەش سەیرە..

رکابەرەکەی ریال کە بارسێلۆنایە، چالاکترینی ئیسپانیایە. ئۆمتیتی، دینیس سوارێز و ئاندرێ گۆمێش و هێشتا ڤیتۆ و گامیرۆش لە رێگان. ئەگەر پاڵەوانیەتییە ئەوروپییەکان شوێنی دەرکەوتن و درەوشانەوەی یاریزانان و بوونە سەرنج بن لای یانەکان، یۆرۆی 2016 شتێکی ئەوتۆی لە درەوشانەوەدا بە گۆمێش نەسپارد، بەڵام ڤالێنسیا 60 ملیۆنی لێوە بەدەستهێناوە. بێگومان ئەمەش جێگەی سەرنجە.

ئێستا بازاڕەکە بەشێوەیەکی گشتی روو لە سەیرییە، ئەو سەیرییە زۆر زیاتر دەبێت و دەبێتە مایەی سەرسوڕمان، ئەگەر پۆگبا روو لە یونایتد یان ریال بکات، ئاخر سەیرە یاریزانێکی ئاست مام ناوەند، لە یۆڤینتۆس و لە هەڵبژاردەی فەرەنساش، نرخی بگاتە سەرووی سەد ملیۆن یۆرۆ. پۆل سکۆڵز ناهەقی نەبوو بڵێ تەنیا ئەو یاریزانەی لە وەرزێکدا 50 گۆڵ تۆمار دەکات شایستەی ئەو پارەیەیە، ئەوانیش مێسی و رۆناڵدۆن.

 بۆیە ناهەقی منیش نییە ئەگەر بڵێم مێرکاتۆی ئەمساڵ بازاڕێکی سەیرە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە