رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید بەرەو وەرزێکی نوێی بێ نازناو هەنگاو دەنێت، دوای ئەوەی تا راددەیەکی زۆر هەلی کێبڕکێکردنی لەسەر نازناوی خولی ئیسپانیا لەدەستدا، چونکە بەجیاوازی 11 خاڵ لە دواوەی بارسێلۆنای پێشەنگە و تەنیا 5 گەڕیش ماوە بۆ کۆتاییهاتنی خولەکە.
یانە شاهانەکە وەرزێکی پڕ لە هەڵبەز و دابەزی بەڕێکرد؛ لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر بەباشی دەستی پێکرد، بەڵام پاشەکشەی ئەنجامەکان و دۆڕاندنی یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا بووە هۆی دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە، بارودۆخەکەش دوای هاتنی ئەلڤارۆ ئەربێلوا زۆر باشتر نەبوو، کە ئەویش نەیتوانی ئەو ئاستە پێشکەش بکات کە لێی چاوەڕوان دەکرا.
هاوینی ئەمساڵ لە ناو ریال مەدریددا گەرم دەبێت، چونکە چاوەڕوان دەکرێت فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆک راستەوخۆ دەستوەردان بکات بۆ چاککردنی هەندێک لایەنی تیپەکە، تاوەکو بۆ وەرزی نوێ بەشێوەیەکی رکابەرتر دەربکەون.
رۆژنامەی ئێلموندۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە پێرێز خۆی بەشێوەیەکی کەسی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی راهێنەرە نوێیەکە دەکات، ئەمەش لەبەر زۆری بەربژێرەکان و جیاوازی بیروبۆچوونەکان لەنێو کارگێڕیی یانەکەدا.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، کارگێڕیی ریال مەدرید یاریزانەکان بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم وەرزە خراپە نازانن و پێیانوایە تیپەکە خاوەن کوالێتییەکی بەرزە و دەتوانێت لەگەڵ راهێنەرێکی گونجاو ئاستی خۆی بەدەستبهێنێتەوە. هەروەها کارگێڕی پێیوایە بڕیاری دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ درەنگ کەوتووە و دەکرا زووتر هەل بە ئەلڤارۆ ئەربێلۆا بدرایە، کە لەوانەیە ئەوە ئەنجامەکانی باشتر بکردایە.
لە بەرامبەردا، ئەگەر هەیە چەند یاریزانێک ببنە قوربانیی تووڕەیی سەرۆک پێرێز؛ راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەئەگەری دەستبەرداربوون لە 4 ناو دەکەن، ئەوانیش: ئیدواردۆ کاماڤینگای فەرەنسی، دانی سیبایۆس، فران گارسیا و راول ئاسینسیۆی ئیسپانی.
هەروەها چاوەڕوان ناکرێت یانەکە گرێبەستی گەورە ئەنجام بدات، بەڵکو ئێستا تاوتوێی گەڕاندنەوەی هەندێک یاریزان دەکات کە پێشتر لە یانەکە بوون، وەک: نیکۆ پازی ئەرجەنتینی لە یانەی کۆمۆ، ڤیکتۆر مۆنیۆزی ئیسپانی لە ئۆساسۆنا و ئێندریکی بەرازیلی لە لیۆن، کە بەخواستن پێیداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ