گەرمە بەو گەرمایە گەرمی کردووە

27-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یانەی گەرمە مێرکاتۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی گەرمە، کە یانەیەکی تازە دامەزراوە و تەمەنی تەنیا 5 ساڵە، ئامانجی بۆ وەرزی داهاتوو کێبڕکێکردنە لەسەر نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
 
یانەی گەرمە بەو گەرمای هاوینە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی لە خولی تۆپی پێی عێراق گەرم کردووە، بە چوونە نێو گفتوگۆی چڕەوە بۆ ئەنجامدانی چەند گرێبەستێکی گەورە.
 
ئەو یانەیەی پارێزگای ئەنبار بەفەرمی گواستنەوەی هەریەک لە عومەر مجباس، ئیبراهیم سەعادەی ئوردنی، ئەموری فەیسەڵ، هەڵۆ فایەق، کەرار ئەمیر، ئەحمەد حەسەن و عەلی موحسینی راگەیاندووە.
 
هەروەها گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ گواستنەوەی عەلی عەلوانی ئوردنی بە گرێبەستێکی ئازاد، شانبەشانی هێرشبەری بەئەزموون و کاپتنی هەڵبژاردەی عێراق، ئەیمەن حوسێن، کە بەم دواییانە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئەلخوڕی قەتەری هەڵوەشاندەوە.
 
یاریزانێکی دیکە، کە هێزێکی زیاتر بەو یانەیە دەدات ئەحمەد مەکەنزییە و درێسی ئەو یانەیە لەبەردەکات.
 
یانەی گەرمە لە وەرزی رابردوودا بەسەرپەرشتی راهێنەر ئەحمەد خەلەف، پلەی هەشتەمی لە خولی عێراق بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە 38 یارییدا 56 خاڵی بە 15 بردنەوە و 11 یەکسانبوون کۆکردەوە و لە 12 یارییدا تووشی شکست بوو.
 
گەرمە یانەی شاری گەرمەیە، کە قەزایەکی سەر بە پارێزگای ئەنبارە و 16 کیلۆمەتر لە فەلۆجە دوورە. لە 9ـی3ـی2020 دامەزراوە. لە یاریگەی فەلۆجە یارییەکانی ئەنجام دەدات، بەڵام دەستیکردووە بە دروستکردنی یاریگایەک کە شوێنی زیاتر لە 5 هەزار هاندەر دەکاتەوە و هێشتا کارەکانی تەواوکردنی بەردەوامن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە