رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی ئیسپانیا دووپاتی دەکەنەوە کە یانەی بارسێلۆنا، بەهۆی یاسای یاریی دارایی خاوێن ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ کلاودیۆ ئیچێڤێری، ئەستێرەی لاوی ئەرجەنتینی بکات، کە بە "مێسی نوێ" ناسراوە. ئەمەش رێگەی بۆ یانەکانی پرێمەرلیگ خۆش کردووە کار بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە بکەن.
بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، چێڵسی رکابەری لەگەڵ مانچێستەر سیتی دەکات بۆ گواستنەوەی ئەستێرەی ریڤەرپلەیت.
ماوەی ئەم دواییە شایەتی ململانێیەکی بەهێزی نێوان یانە گەورەکانی ئەوروپایە بۆ ئەوەی کلاودیۆ ئیچێڤێری ئەستێرەی یانەی ریڤەر پلەیت بگوازنەوە. کە هەندێک لە سەراوەکان باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوەی ئیچێڤێری دەیەوێت بچێتە بارسێلۆنا، بەڵام وادیارە خۆیشی بێئومێدە لەوەی بارسا بتوانێت بیگوازێتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی سکای سپۆرت، یانەی چێڵسی رکابەری لەگەڵ مانچێستەر سیتی دەکات بۆ ئەوەی ئیچێڤێری رازی بکات بچێتە ریزەکانی و دەڵێت "چێڵسی بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ سەر کلاودیۆ ئیچێڤێری، یانەکە دەیەوێت لە مانگی یەکدا گرێبەستی لەگەڵدا بکات و بەخواستن بیباتە یانەی ستراسبۆرگ، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ تۆپی پێی ئەوروپا رابێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، مانچێستەر سیتیش دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکات و بەخواستن لە یانەی ریڤەرپلەیت بمێنێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر دەڵێت "تاوەکو ئێستا ریڤەرپلەیت هیچ دەستەوارەیەکی فەرمی لەلایەن هەردوو یانە گەورەکەی پرێمەرلیگەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام یانەکە ئامادە نییە بە کەمتر لە 25 ملیۆن یۆرۆ رێگەی پێبدات بڕوات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ