رووداو دیجیتاڵ
گرێبەستی گواستنەوەی رافایێل ڤاران، بەرگریکاری فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید بۆ یانەی مانچێستەر یونایتد تەواوبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی رانەگەیێندراوە.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یاریزانە 28 ساڵەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2022 کۆتاییدێت، بەڵام ئامادەنەبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێبکاتەوە و بڕیارییدا لە لۆس بلانکۆس بڕوات.
سەرچاوەکان بەتەواوی رۆیشتنی ڤارانیان بۆ یانە ئینگلیزییەکە یەکلاکردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، یاریزانەکە بەرامەبر 50 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە دەکات.
بەهۆی رێکارەکانی خۆ پارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو رێکارانەی بەریتانیا دەیگرێتەبەر یاریزانەکە تاوەکو ئێستا نەناسێندراوە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لەم هەفتەیەدا پشکنینی پزیشکی بۆ یاریزانەکە بکرێت و دواتریش وەک یاریزانی یانەکە بە میدیاکان بناسێندرێت.
ریال مەدرید بە فرۆشتنی ڤاران پارەیەکی باشی دێتە دەست بۆ ئەوەی هەواڵی گواستنەوەی یاریزانی نوێ بدات، بەتایبەت کە تاوەکو ئێستا جگە لە دەیڤد ئالابا هیچ یاریزانێکی نەگواستەوەتەوە، ئەویشیان بەشێوەیەکی بێبەرامبەر بردووە.
رۆیشتنی ڤاران لە ریال مەدرید کێشەی زۆر رووبەڕووی ئەنچیلۆتی دەکاتەوە لە دڵی بەرگری یانەکەدا، بەتایبەت کە سێرخیۆ رامۆسیش لە یانەکە رۆیشتووە.
گواستنەوەی ڤاران بۆ مانچێستەر یونایتد لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر یانەکە، گواستنەوەی جادۆن سانچۆ، ئەستێرەی ئینگلیزی و یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانیشی بۆ یانەکەی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ