نهێنییەکی نێوماڵی کەتەلۆنی.. کێ نەیهێشتووە چاڤی بڕوات

28-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز رافا یوستێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، ئەو کەسەی ئاشکراکرد کە بە تووندی پشتگیری لە بیرۆکەی بەردەوامبوونی چاڤی هێرناندێزی کردووە وەک راهێنەری بارسێلۆنا لە وەرزی داهاتوودا و هەر ئەویش هۆکاری سەرەکی مانەوەی راهێنەرە گەنجەکە بووە.
 
چاڤی بەر لە ماوەیەک رۆیشتنی لە بلاوگرانا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا راگەیاندبوو، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ریال مەدرید دۆڕا و لە جامی پاشاش دوورخرایەوە، پێش ئەوەی رێککەوتن لەگەڵیدا بکرێت بۆ مانەوە.
 
بەگوێرەی تۆڕی رێلیڤۆی ئیسپانی، رافا یوستێ، جێگری سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، کلیلی بەردەوامبوونی چاڤی بووە، بەو پێیەی ئەو یەکێک بووە لەو ژمارە کەمەی ئەندامانی کارگێڕیی یانەکە، کە بەرگرییان لە راهێنەرە لاوەکە کردووە، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو.
 
تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بابەتە بۆ یوستێ تازە نییە، بەتایبەتی لەگەڵ چاڤی، چونکە لە دوای هاتنی بۆ راهێنەرایەتی بارسێلۆنا ئەو کارەی کردووە.
 
یوستێ بڕوایەکی زۆری بە تواناکانی راهێنەرە ئیسپانییەکە هەیە، لە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیشدا هەوڵێکی زۆری داوە، کاتێک لەلایەن هەندێکی دیکەوە پێشوازی لە رۆیشتنی کراوە.
 
کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ماڵی لاپۆرتا کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوەی ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی خودی خۆی، رافا یوستێی جێگرەکەی، چاڤی هێرناندێزی راهێنەر، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە و ئەلیخاندرۆ ئەچێڤاریای بەڕێوەبەری پێشووی یانەکە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا راگەیێندرا کە چاڤی لەگەڵ یانەی کەتەلۆنی بەردەوام دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە