رووداو هەولێر
یوسف ئەمین، تاکە ئەستێرەی کورد لە خولی رۆشنی سعودی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە شاری بەسرە و پەیوەندی بە کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی عێراقەوە کرد.
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری ئوستراڵی یەکەم ئەزموونی کارکردنیەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، ئەرکی قورسە و دوو یاریی داهاتوو بۆ هەڵبژاردەی عێراق چارەنووساز و قورسە، یاریی یەکەم رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو عێراق لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە میوانداریی کۆریای باشوور دەکات، دوای پێنج رۆژ لە یاریی لووتکەی عەرەبدا عێراق یاری لەگەڵ ئوردن دەکات.
هەڵبژاردەی عێراق دوو یەکەی راهێنانی لە شاری بەسرە ئەنجامداوە، یوسف ئەمین ناوەڕاستکاری کورد کە بەردەوام بووەتە جێگای بایەخی هەڵبژاردەکە، ئەمڕۆ بەشداری راهێنانەکان دەکات و بڕیارە عەلی حەمادی، ئەستێرەی یانەی ئیبسویچ تاونی ئینگلیزی ئێوارەی ئەمڕۆ دەگاتە بەسرە.
سەلام مەناسیر، بەرپرسی راگەیاندنی هەڵبژاردەی عێراق، لە لێدوانێکی بۆ رووداو، گوتی "بارودۆخی هەڵبژاردەکەمان زۆر باشە و تیپەکە لەنێو کەش و هەوایەکی نموونەیی راهێنان و ئامادەکاری دەکات، یوسف ئەمین دوای گەیشتنی بۆ شاری بەسرە لە شوێنی حەوانەوە لە پشوودایە و ئەمڕۆ یەکەمین راهێنانمان لەگەڵ ئەنجام دەدات".
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق شەش یاریزانی کورد هەن کە بریتین لە ئوسامە رەشید، یوسف ئەمین، مێرخاس دۆسکی، ئاکام هاشم، مارکۆ فەرەج لەگەڵ ئەیمار شێر.
مەناسیر، زیاتر روونیکردەوە "راهێنەر دەیەوێت بەتەواوی سەیری شێوازی یاریکردنی یاریزانەکان بکات و رۆژی هەینی یارییەک لەنێوان ئەستێرەکانی خۆماندا ئەنجام دەدرێت، واتا تیپەکە دەکات بە دوو بەش و ئەرکی جیاواز دەدات بە یاریزانان، ئەمەش زۆر باش دەبێت بۆ تێگەیشتنی زیاتر و ئامادەکارییەکی تۆکمەتر بۆ دوو یاریی داهاتوومان".
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بەکۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە، عێراق بەبردنەوەی دوو یاریی داهاتوو راستەوخۆ بلیتی گەیشتنی بۆ مۆندیال دەبڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ