رووداو دیجیتاڵ
بۆ بەڕاستیکردنی خەونی گەیشتنەوەی عێراق بە مۆندیال، پاش 40 ساڵ لە چاوەڕوانی، پیاوێک لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەکە کاردەکات، کە پێشتر کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالیی، لە یاریزانێکی نمایشکەرەوە، کردە ماشێنێکی گۆڵ تۆمارکردن.
چیرۆکەکە، چیرۆکی پیاوێکی هۆڵەندیی تەمەن 62 ساڵە، ئەو رێنا میولێنشتاینە کە ئێستا یاریدەدەری گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەکەیە. رێنا رۆژێک لە رۆژان لەگەڵ سێر ئەلێکس فێرگسۆنی راهێنەری مانچێستەر یونایتد کاریدەکرد، ئەوە سەری کێشا بۆ ئەوەی لە نێو ئەو تیمەدا بگیرسێتەوە کە دەیەوێت عێراق بگەیەنێتەوە مۆندیال.
رۆژێکی زستانی 2007 بوو، ئەوکات رێنا وەک یاریدەدەری فێرگسۆن لە مانچێستەر یونایتد کاری دەکرد. ئەو رۆژە سێر کە هەموو کات لە نووسینگەکەی خۆیدا سەرقاڵی کارەکانی رێکخستنەوە و بەلووتکەگەیاندنی یونایتد بوو، رێنای بانگی نووسینگەکەی خۆی کرد، لەوێ بەپیاوێکی ناساند کە هاتبوو بۆ ئەوەی نهێنییەکانی پیشەکە شارەزابێت، پێشەی راهێنەرایەتی.
رێنا ئەو رۆژەی باش لەبیرە، فێرگسۆن لە نووسینگەکەی خۆیدا پیاوێکی ئوسترالیی پێناساند، گوتی ئەمە گراهامە، هاوڕێی منە و هاتووە بۆ ئەوەی بڕوانامەی (Pro Licence)ی راهێنەرایەتی وەربگرێت، پێویستە شارەزای نهێنییەکانی پیشەکە ببێت.
پیرە پیاوە سکۆتلەندییەکە، کە وەک هەمیشە بەچاوە تیژەکانی بەر لە زمانی دەدوا، بە یاریدەدەرەکەی گوت، هەموو شێواز و پلانەکانی کارکردن و نهێنیی کارەکانی مانچێستەر یونایتد بخە بەردەستی.
رێنا دەڵێ، هەموو ئەوەی فێرگسۆن داوایکرد، گەیاندمە ئارنۆڵد، ئەوە سەرەتای پەیوەندییەکی دوورودرێژ بوو کە لەو ساتەوە دروستبوو و هیچ کاتێک نەپچڕا.
ساڵانی دواتر، کاتێک گراهام ئارنۆڵد بووە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، میولێنشتاینی لەگەڵ خۆیدا هێنایە عێراق. ئەوان ماوەیەکە پێکەوە لێرە کاردەکەن.
لە پێناسە گشتییەکەدا، میولێنشتاین تەنیا راهێنەرێکی ئاسایی نییە؛ ئەو پیاوەیە کریستیانو رۆناڵدۆی لە یاریزانێکی نمایشکارەوە گۆڕی بۆ ئامێرێکی گۆڵکردن. میو کاتێک لە مانچێستەر بوو، مەشقی تایبەتی دەدایە رۆناڵدۆ، بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی گۆڵەکانی، ئەو دوای هەموو یەکەیەکی مەشقی تایبەت، بە کریسی دەگوت، ئامانجەکە روونە وەرزی پێشوو 23 گۆڵت هەبوو، ئەم وەرزە تارگێتەکە 40 گۆڵە. پاشا ئەوەی تێپەڕاند لە وەرزەکەدا 42 گۆڵی تۆمارکرد و ساڵی دواتریش باڵۆندۆری بردەوە.
ئێستا میولێنشتاین هەمان ئەو ئەقڵییەتە فێرگسۆنییەی هێناوەتە ناو هەڵبژاردەی عێراق. ئەو دەڵێت "ئەو شێوازی کارکردن و مۆراڵەی لە ناو ستافی عێراقدا دەیبینم، زۆر لەو کەشە دەچێت لە ئۆڵدترافۆرد هەمانبوو. ئاستی پیشەگەرییەکە دەمباتەوە بۆ رۆژانی کارکردنم لەگەڵ سێر ئەلێکس فێرگسۆن".
هەڵبژاردەی عێراق ئێستا لە شاری مۆنتێری مەکسیکە و تەنیا یەک هەنگاو لە مۆندیالەوە دوورە. بردنەوە بەرامبەر بۆلیڤیا، عێراق دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، دەگەڕێنێتەوە بۆ گەورەترین شانۆی تۆپی پێ. ئەم گەشتە ئاسان نەبوو؛ بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داخرانی ئاسمان، یاریزانان و ستافی راهێنەران ناچار بوون 885 کیلۆمەتر بە پاس لە بەغداوە بەرەو ئوردن ببڕن پێشئەوەی بەرەو مەکسیک بفڕن.
میولێنشتاین سەرسامیی خۆی بۆ هاندەرانی عێراق دەردەبڕێت و یارییەکەی ئیمارات لە بەسڕە، لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بە "ساتێکی باوەڕپێنەکراو" ناودەبات. ئەو پێیوایە سەرکەوتنی عێراق تەنیا وەرزش نییە، بەڵکو دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئەوەی جیهان وێنای جەنگ لەسەر عێراق لابدات و رووە گەشەکەی وڵاتەکە ببینێت.
میولێنشتاین کە 4 نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگێکی لەگەڵ فێرگسۆن بردووەتەوە، ئێستا هەست بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکات، "تۆپی پێ لە عێراق هۆکارێکە بۆ گەشەی ئابووری و ژێرخان، بەڵام لەوە گرنگتر، هۆکارە بۆ دڵخۆشیی گەلێک کە شایەنی ژیانێکی ئاسایین".
عێراق دوایین جار لە ساڵی 1986 لە مۆندیالی مەکسیک بەشداری کردووە و بەرەبەیانی چوارشەممە لە بەرامبەر بۆلیڤیا لە مەکسیکەوە، چاوی لە گەیشتنەوەیە بە مۆندیال لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ