دوایین چوار هەڵبژاردەی ئەورووپا دەگەنە مۆندیالی داهاتوو

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن پاڵاوتنەکانی مۆندیال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی بەدەستهێنانی دوایین کورسییەکانی ئەورووپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە رۆژی کۆتایی ئەم مانگەدا، دەگاتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە، کاتێک یارییەکانی کۆتایی پاڵاوتنی ئەورووپا لە چوار یاریگەی جیاوازدا ئەنجامدەدرێن.
 
هەشت هەڵبژاردەی کیشوەرەکە، لەپێناو بەدەستهێنانی دوایین چوار کورسیی پاڵەوانێتییەکەدا دەجەنگن و هەر یەکێکیان تەنیا دوایین هەلی سەرکەوتنیان لەبەردەستدا ماوە.
 
خەونی ئیتاڵییەکان و دۆخی ئەوان لەبەردەم 'هاتریک دابڕان' لە مۆندیال، ئاڵنگارییە هەرە سەختەکەیە بۆ جینارۆ گاتوسۆ کە وەکخۆی گویویەتی، "لە حەوت مانگی رابردوودا، شەو و رۆژ هەمووان داوای ئەوەم لێدەکەن، ئیتاڵیا بگەیەنمەوە مۆندیال". ئیتاڵیا لە دوو مۆندیالی رابردوو 2018ی رووسیا و 2022ی قەتەر، لە دوورەوە تەماشاچی بوو، لە کاتێکدا هاندەرەکانی حەسرەتی گەورەیان بۆ دوورکەوتنەوە لە کەرنەڤاڵە جیهانییەکە لە دڵدابوو.
 
ئیتاڵیا لە رێڕەوی Aدا، رووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆسنیا دەبێتەوە، بۆ دیاریکردنی یەکێک لە سەرکەوتووانی ئەورووپا بۆ ئەو پاڵەوانێتییە جیهانییە گەورەیەی کە ژمارەی تیپەکانی زیاد کراوە.
 
ئیتاڵیا دوای سەرکەوتنێکی ئاسان بە ئەنجامی 2-0 بەرامبەر ئێرلەندای باکوور گەیشتە یاری کۆتایی، کە تێیدا لە ساتە گرنگەکاندا تووندوتۆڵیی هێڵی بەرگری و ئەزموونی خۆیان پێشاندا. ئازۆری، کە چوار جار بووەتە پاڵەوانی جیهان، ئامانجی ئەوەیە دووبارە لە مۆندیال دانەبڕێت و بگەڕێتەوە سەر شانۆ جیهانییەکە دوای ئەوەی نەیتوانی بەشداری لە دوو مۆندیالی رابردوو بکات.
 
بۆسنیا، دراماتیکییانە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و لە یاری پێشکۆتایی و لە گەڕی پێشووی پاڵاوتنەکان، لە رێگەی لێدانە یەکلاکەرەوەکانەوە، لە وێڵزیان بردەوە، پاشئەوەی لە کاتی یاسایی یارییەکەدا بەگۆڵێک لەگەڵیان یەکسانبوون.
 
چاوەڕوان دەکرێت یارییەکە کێبڕکێیەکی تاکتیکی قورس بێت بۆ هەردوو هەڵبژاردە. ئیتاڵیا پشت بە شێوازە بەرگرییە رێکخراوەکەی خۆی و بەڕێوەبردنی یارییەکە بەو شوێنە دەبەستێت کە خۆی دەیەوێت، لە کاتێکدا بۆسنیا هەوڵدەدات سوود لە هێرشە هەڵگەڕاوە خێراکان و هەلە جێگیرەکان وەربگرێت.
 
گاتوسۆ لە دوای بردنەوە لە ئێرلەندای باکوور، ئەرکەکەی بە"هەڵگەڕان بەسەر لووتکەی ئێڤرێست" ناوبرد. بەڵام دووپاتیکردەوە ئەوەی لە یارییەکەی بۆسنیادا گرنگە، نە ئاست و نە شێوازی یارییکردنە، بەڵکو "گەیشتنە بەخەونەکە کە گەیشتنە بەمۆندیال".
 
لە رێڕەوی Bـدا یەکێک لە هاوسەنگترین رووبەڕووبوونەوەکان ئەنجامدەدرێت. هەڵبژاردەی سوێد رووبەڕووی هەڵبژاردەی پۆڵەندا دەبێتەوە. سوێد دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی بەهێز بەرامبەر ئوکراینا و بردنەوە لێی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵاوتنەکە.
 
پاڵەوانی داستانە سوێدییەکە، یۆکیرێشی هێرشبەری ئارسیناڵ بوو. ئەو فریادڕەسی سوێدییەکان بوو، لە بەرامبەر ئۆکراینییەکان.
 
پۆڵەندا لە یاریی پێشوودا، ئەرکی ئاسان نەبوو، لە کۆتایی گێمی یەکەمدا، ئەوان لەسەر رێگەی گەیشتن بە مۆندیالەکە لایاندابوو، کاتێک ئەلبانییەکان گێمەکەیان بەپێشکەوتن بەگۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی پێهێنا. بەڵام لیڤاندۆڤسکی و زیلینسکی، جارێکی دیکە پۆڵەندایان بردەوە سەر رێگەکە، ئێستا ئەرکەکە ئەوەیە بیخەنەوە سەر نەخشەی مۆندیالەکە، ئەگەرچی کارەکە ئاسان نییە.
 
هەردوو هەڵبژاردە، خاوەنی کوالێتی و ئەزموونێکی باشن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش پێشبینیکردن بۆ ئەنجامی یارییەکە قورس دەکات و ئەگەری زۆرە، جیاوازییە زۆر بچووکەکان ئەنجامەکە یەکلایی بکەنەوە.
 
لە رێڕەوی Cـدا، هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆ لە پریشتینای پایتەخت، میوانداریی هەڵبژاردەی تورکیا دەکات. میواندارییەک کە پێشبینیکراوە جۆشوخرۆش و ململانێی زۆری تێدابێت.
 
دوو وڵاتەکەی بالکان، دەبێ لە نێو یاریگەی 'فادیل ڤۆکری'دا، یەکێکیان خۆی لە مۆندیال ببینێتەوە و یەکێکی دیکەیان توێشووی خەونە مۆندیالییەکە، بۆ چوار ساڵی دیکە هەڵبگرێت.
 
کۆسۆڤۆییەکان، دوای سەرکەوتنە سەرنجڕاکێشەکەیان، بەرامبەر سلۆڤاکیا بە ئەنجامی 4-3 گۆڵ، توانای هێرشبەریی خۆیاندا پێشاندا، بەڵام هاوکات لاوازییەکانی هێڵی بەرگریی تیپەکەی ئاشکرا کرد. 
 
هێڵی بەرگریی تیپەکە، هەڵەی زۆریکرد و باجی زۆریدا، بەڵام ویستە هێرشبەرییە خێراکە، وایکرد تیپەکە دوای دووجار دواکەوتن لە ئەنجامدا، بگەڕێتەوە و گەیشتن بەیاریی کۆتایی پاڵاوتنەکان مسۆگەر بکات.
 
تورکیا دوای سەرکەوتنێکی زەحمەت بەسەر رۆمانیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر، ئینجا گەیشتووەتە وێستگەی کۆتایی. فیچێنزۆ مۆنتێلای راهێنەر، پێویستی بە پاسێکی جادوویی ئاردا گولەر و کۆتایی پێهێنانی فەردی کادیگۆکلۆ هەبوو، بۆ ئەوەی لە رۆمانیا بباتەوە.
 
ئەگەر جۆشوخرۆشی هاندەران لە یاریی پێشوودا، سوودی زۆری بە یاریزانانی تورکیا بەخشیبێت بۆ بردنەوەی یارییەکە، لە بەرامبەر کۆسۆڤۆدا ئەوان رووبەڕووی ئەو هاندەرانە دەبنەوە کە خەونیان ئەوەیە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ناوی هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیال ببینەوە.
 
لە رێڕەوی Dـدا، هەڵبژاردەی دانیمارک خۆی لە سوپرایزەکانی مەسەدۆنیای باکوور پاراست، کاتێک بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر لێی بردەوە. لە کاتێکدا چیک دوای یەکسانبوون بەرامبەر ئێرلەندای باکوور بە دوو گۆڵ، بەلێدانە یەکلاکەرەوەکان بلیتەکەی مسۆگەرکرد و ئێستا ئیدی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی دیکەی زەحمەتدایە.
 
سەرجەم یارییەکانی کۆتایی پاڵاوتنی یوفا، بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو، بە یەک یاری یەکلایی دەبنەوە، هەربۆیە هیچ هەڵبژاردەیەک پەراوێزی هەڵەکردن و راستکردنەوەی هەڵەکەی لەبەردەستدا نییە و مۆندیالیش چاوەڕێی دوایین چوار هەڵبژاردەی ئەورووپیی سەرکەوتوو دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە