رووداو دیجیتاڵ
قەیرانێکی ئاڵۆز راگەیاندنی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ ریال مەدرید دوادەخات.
رادیۆی مۆنتی کارلۆ، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر هۆکاری دەرنەکەوتنی ئێمباپێ بە درێسی ریال مەدریدەوە، یان هۆکاری ئەوەی کە یاریزانەکە تاوەکو ئێستا بەئاشکرا باسی شوێنی نوێی خۆی نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ کێشەیەک نییە بۆ ئەوەی ئێمباپێ بتوانێت گرێبەست لەگەڵ یانەیەکی دیکە بکات، بەڵام قەیرانێکی جددی هەیە کە دەرکەوتنی کیلیان بە درێس یان لۆگۆی ریال مەدریدەوە دوادەخات.
سەرچاوەکە لە زاری تیێری گرانتورکۆ، پارێزەری وەرزشیی تایبەتمەند لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانان، رایگەیاندووە کە بابەتەکە پەیوەستە بە مافی وێنەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بابەتەکە پەیوەندیدارە بەوەی کە پاریس سانجێرمان تاوەکو چەند رێگە بە یاریزانەکە دەدات بە لۆگۆی یانەیەکی دیکەوە دەربکەوێت، بەو پێیەی گرێبەستەکەیان لە 30ـی حوزەیران کۆتایی دێت.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەگەری ئەوە هەیە یاریزانێک لە کۆتایی وەرزی وەرزشیدا بە لۆگۆی یانەیەکی دیکەوە دەربکەوێت، بەڵام لەوانەیە پاریس رێگەی پێنەدات ئەو کارە بکات، ئەوە بابەتە پێویستی بە هەندێک نەرمی و لێبوردەییەوە هەیە".
هەرچی ئارنۆ پیکارد، پارێزەری ئادریان رابیۆی ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوس، دەڵێت "یانە نوێیەکە دەتوانێت قەرەبووی دارایی بدات بۆ ئەوەی گرێبەستی یاریزانەکە زوو هەڵبوەشێنێتەوە و بەم شێوەیەش بە لۆگۆکەیەوە دەربکەوێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام لێرەدا بابەتەکە جیاوازە، چونکە ئێمباپێ بەبێبەرامبەر دەڕوات و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یانەی پاریسی و مەدرید ئاڵۆزە، دەرکەوتنی ئێمباپێش بە لۆگۆی ریال مەدریدەوە هەڵەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو سەرکێشییە، چونکە لەڕووی تیۆرییەوە هێشتا گرێبەستی لەگەڵ یانەیەکی دیکە هەیە.
رادیۆی مۆنتی کارلۆ لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا رایگەیاند، ئەستێرە پاریسییەکە خۆی لە لە قسەکردن لەسەر ریال مەدرید بەدوور دەگرێت، بۆیە لەوانەیە تاوەکو یەکی مانگی تەمموزی داهاتوو چاوەڕێ بکات بۆ ئەوەی بە لۆگۆی یانە زەبەلاحەکەی مەدریدەوە دەربکەوێت.
کیلیان ئێمباپێ، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان راگەیاند، زۆربەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە لە وەرزی داهاتووەوە روو لە یانەی ریال مەدرید دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ