رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل و ڤینیسیۆس جونیۆر، لە یاریگەی ماراکانا بەیەکەوە دەرکەوتن و ئامادەی یاریی نێوان هەردوو یانەی فلامینگۆ و دیپۆرتیڤۆ تاچیرا.
ئەنچێلۆتی دوای ئەوەی بووە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل چووە شوێنە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، سەردانی مۆزەخانەی تایبەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کرد و بەرەبەیانی ئەمڕۆش لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر، یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە ریال مەدرید، یەکیانگرتەوە و ئامادەی ئەو یارییە بوو.
یارییەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی لیبەرتادۆرێس بەڕێوەچوو و فلامینگۆ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ئەنچێلۆتی و ڤینی بەیەکەوە بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دەرکەوتن، سەرۆکی یانەی فلامینگۆ پێشوازیی لە کارلۆ کرد و درێسێکی یانەکەی بە ژمارە 10 و ناوی راهێنەرەکەوە پێشکێشی ئەنچێلۆتی کرد.
کارلۆ ئەنچێلۆتی دوو رۆژ لەمەوبەر بەشێوەیەکی فەرمی وەکو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی بەرازیل بە میدیاکان ناسێنرا و راهێنەرە ئیتاڵییەکە گوتی "بەرازیل خاوەنی یاریزانی زۆرباشە و پێویستە سوود لەوە وەربگرین، ئێمە هەموومان یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش دەرکەوتنێکی باشە لە مۆندیالی داهاتوودا."
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری بەنێوبانگی ئیتاڵی و پێشووی یانەی ریال مەدرید یەکەم راهێنەرە لە مێژوودا لە دەرەوەی بەرازیل ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ