رووداو دیجیتاڵ
لاوین هابیلی کۆمێنتاری رووداو سپۆرتس، لەسەر ئاستی عێراق جارێکی دیکە پلەی یەکەمی بەدەستهێنایەوە، بەپێی راپرسییەک کە هەزاران دەنگدەر بەشدارییان تێدا کردووە.
ئاژانسی 'ئەلیەوم'ی عێراقی، راپرسییەکی بۆ دەستنیشانکردنی باشترین کۆمێنتاری ساڵی 2025 ئەنجامدا و لاوین هابیل پلەی یەکەمی لە نێو هەموو عێراقدا بەدەستهێنا.
راپرسییەکە ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو، لاوین هابیل کە ساڵانێکی بەرچاوە کۆمێنتاری رووداو سپۆرتسە و بەزمانی عەرەبی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەگوازێتەوە و خاوەنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری بینەرە، پلەی یەکەمی لە راپرسییەکەدا بەدەستهێنا و بووە باشترین کۆمێنتاری ساڵ، لەسەر ئاستی عێراق.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە کە ئاژانسی 'ئەلیەوم' خۆی بڵاویکردووەتەوە و ماوەی دوو هەفتە دەنگدان تێیدا بەردەوام بوو، لاوین هابیل کۆی 53 لەسەدی دەنگی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە کە بەرزترین رێژەی دەنگە و لاوین بەجیاوازییەکی یەکجار زۆر، پێش نزیکترین رکابەرانی کەوتووە.
لە راپرسییەکەدا چەندین کۆمێنتاری بەناوبانگ و ناسراو لە سەرانسەری عێراقدا دەستنیشانکرابوون و لاوین کە تاکە کۆمێنتاری کوردی بەشداربووی راپرسییەکە بوو، بووە پێشەنگی هەمووان.
دوای دەستنیشانکردنی وەک باشترینی عێراق، لاوین هابیل گوتی "شانازییەکی گەورەیە لەسەر ئاستی هەموو عێراق بوومە یەکەم و شتێکی زۆر گەورەیە وەکو کۆمێنتارێکی کورد و لە کەناڵێکی کوردی کە تۆڕی میدیایی رووداوە ببمە یەکەم".
بڕیارە لە ماوەی نزیکی داهاتوودا، ئاژانسەکە رێوڕەسمێک بۆ خەڵاتکردنی باشترینەکانی عێراق رێکبخات و لاوین هابیل وەکو باشترین کۆمێنتاری ساڵ خەڵاتەکەی وەربگرێت.
لاوین هابیل لەسەر ئاستی عێراق بینەرێکی بێشوماری هەیە و بەکۆمێنتارییەکی رەوان و پڕ زانیاریی و نزیک لە بینەر، توانیویەتی گۆڕەپانی کۆمێنتارانی عێراق داگیر بکات. پێشتر لاوین لەسەر ئاستی عێراق، خەڵاتی باشترین کۆمێنتاری لە راپرسییەکی دیکەی ئاژانسی 'راسد'ی عێراقیدا بەدەستهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ