رووداو دیجیتاڵ
جیانی ئینفانتینۆ، سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی ناسراو به فیفا، داوای له فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا (كاف) كرد، رێكاری تووند به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی سه‌نیگال بگرێته‌به‌ر، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و دیمه‌نه ناشرینانەی له یاریی كۆتایی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌فریقا روویاندا، کاتێك یاریزانانی ئه‌و تیپه یاریگه‌یان جێهێشت.
له یاریی كۆتایی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌فریقا، سه‌نیگال به گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر له مه‌غریبی برده‌وه و نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بووه باسی سه‌ره‌كیی میدیاكان، چوونه ده‌ره‌وه‌ی یاریزانانی سه‌نیگال بوو له نێو یاریگه پێش فیكەی كۆتایی.
رووداوه‌كه له‌وێوه ده‌ستیپێكرد، کاتێك ناوبژیوانی یارییه‌كه لێدانێكی سزای له خوله‌كه‌كانی كۆتایی بۆ مه‌غریب هه‌ژمار كرد، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پێیوابوو دیۆف فاوڵی له براهیم دیاز گرتووە لە کاتی جێبەجێکردنی کۆڕنەرێکدا. پێش ئه‌م بڕیاره، ناوبژیوان گۆڵێكی ئیسماعێل سار، یاریزانی سه‌نیگالی ره‌تكرده‌وه. ئه‌م بڕیارانه پاپ تیۆ، راهێنه‌ری سه‌نیگالی تووڕه كرد و داوای له یاریزانه‌كانی كرد یاریگه جێبهێڵن.
یارییه‌كه بۆ ماوه‌ی 16 خوله‌ك راوەستا. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی یاریزانه‌كان، براهیم دیاز لێدانه سزاكه‌ی به شێوازی پانێنكا جێبه‌جێكرد، به‌ڵام ئێدوارد مێندی گۆڵپارێزی سەنیگال زۆر بە ئاسانی گه‌ڕاندییه‌وه. دواجار سه‌نیگال له گێمه زیادكراوه‌كاندا به گۆڵی پاپێ گێی سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد.
جیانی ئینفانتینۆ، سه‌رۆكی فیفا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی كرد و گوتی "ئێمه بینه‌ری دیمه‌نی قبوڵنه‌كراو بووین له نێو یاریگه و شوێنی هاندەران". هه‌روه‌ها دەڵێ "سه‌ركۆنه‌ی ره‌فتاری هه‌ندێك له هانده‌ران و یاریزانان و ستافی سه‌نیگال ده‌كه‌ین. جێهێشتنی یاریگه به‌و شێوه‌یه قبوڵنه‌كراوه و ناتوانرێت تووندوتیژی له وه‌رزشه‌كه‌ماندا قبوڵ بكرێت".
ئینفانتینۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد پێویسته هه‌مووان رێز له بڕیاری ناوبژیوان بگرن و داوای له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا (كاف) كرد رێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر. هاوكات كاف له راگه‌یێنراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، لێكۆڵینه‌وه له هه‌موو دیمه‌نه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سزای ئه‌و كه‌سانه بده‌ن به‌و شێوه‌یه ره‌فتاریان كردووه.
سادیۆ مانێ، ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌ی لیڤه‌رپوول و ئێستای نەسڕ، ته‌نیا یاریزانی سه‌نیگال بوو له نێو یاریگه مایه‌وه و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی نه‌چووه ژووری جلگۆڕین. ئه‌م رووداوانه كاردانه‌وه‌ی زۆری له میدیا جیهانییه‌كاندا لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ