رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپرسییەکی گشتی، کە ئاژانسی میدیایی ئەلڕاسد ئەنجامی داوە، لاوین هابیل، کۆمێنتاری وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی باشترین کۆمێنتاری وەرزشیی عێراقی بۆ ساڵی 2024 بەدەستهێنا.
رۆژی هەینی 14ـی2ـی2025 رێوڕەسمی راپرسی ساڵانە بۆ هەڵبژاردنی باشترینەکان لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، کە تیایدا لاوین هابیل خەڵاتی باشترین کۆمێنتاری وەرزشی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا.
کۆمێنتاری وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو، لاوین هابیل بەوە ناسراوە کە بە جۆش و خرۆشییەکی زۆرەوە کۆمینتاری لەسەر یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق و خول و پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکانی عێراق و کوردستان دەکات و پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە کاتی کۆمێنتاریکردن بۆ یارییەکانی پاڵەوانێتی تۆپی پێی کەنداو ژمارەی پێوانەیی زۆرترین بینەری لەلایەن بینەرانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە شکاند.
لاوین هابیل لە ساڵی 2019ـەوە بە زمانی عەرەبی کۆمێنتاری بۆ یارییەکانی تۆپی پێ دەکات، بەڵام ئەزموونی کارکردن لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو و پەخشکردنی یارییەکان بۆی جیاواز و جێی سەرنج بوو، هەروەها زۆر شانازی پێوە دەکات و بەدەستکەوتێکی گرنگ لە ژیانی وەرزشیدا دەزانێت وەک کۆمێنتاری وەرزشی.
دوای بردنەوەی خەڵاتەکە، لاوین هابیل بە رووداوی راگەیاند کە لەنێو 18 کۆمێنتاری عێراقی خەڵاتی باشترین کۆمێنتاری وەرزشیی عێراقی بۆ ساڵی 2024 بەدەستهێناوە، سوپاسی باوک و دایکی کرد بۆ پاڵپشتیکردنیان، هەروەها سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ پاڵپشتی بەردەوامی، ئەمە جگە لەوەی سوپاسی ئاکۆ محەممەد بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیای رووداوی کرد.
لاوین هابیل ئاماژەی بەوەشکرد "رووداو چاکەیەکی گەورەی بە من کرد، چونکە بینەرانی عێراقی بە کۆمێنتاری کورد لاوین هابیل ناساند، هیوادارین خزمەت بە بینەرانی وەرزشی بکەین"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خەڵاتەی کە وەریگرتووە، لاوین دەستکەوتێکی زیادکرد بۆ دەستکەوتەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەمیشە لە پلەی یەکەمدایە و پێشەنگە لە هەموو شتێکدا.
کاتێک لاوین کۆمینتاری بۆ یاریی کۆتایی جامی 25ـی کەنداوی کرد، زیاتر لە 108 هەزار بینەری هەبوو لە پەیجە فەرمییەکانی فەیسبووکی تۆڕی میدیایی رووداو و بەمجۆرە رووداو ریکۆردێکی نوێی لە ژمارەی بینینەکانی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ