دهۆک دووەم بردنەوەی تۆمارکرد و چووە پێشەنگی ریزبەند

30-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک سەرکەوتنی دووەمی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەدەستهێنا و چووە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.
 
دهۆک لە گەڕی دووەمی خولەکەدا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نەورۆز یارییکرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە میواندارەکەی بردەوە.
 
دهۆکییەکان هەر زوو دەستیان بە هێرشکرد بۆ سەر گۆڵی خاوەن یاریگە، لە خولەکی 18 یانیک زاکیری گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد و بۆ دووەم یاریی لەسەریەک توانیی گۆڵی رکابەرەکانی بهەژێنێت.
 
لە نیوەی دووەمدا، هەرچەند هیران ئەحمەد، ئەستێرەی یانەی دهۆک بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و یاریزانانی یانەی نەورۆز هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی ئەنجامەکە راستبکەنەوە، بەڵام سەرجەم هەوڵەکانیان بێ سوود بوو و یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی دهۆک کۆتاییهات و یانەکە بە سێ خاڵەوە لە سلێمانی گەڕایەوە.
 
یانەی دهۆک دووەم یارییە لەسەریەک دەیباتەوە، لە یاریی یەکەمدا لە یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر شورتە بەدەستهێنابوو.
 
ئێستا دهۆک خاوەنی 6 خاڵە و چووە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە