رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا ڤیکتۆر ئۆسێمینی هێرشبهری نایجیری، وەک ئامانجێکی سەرەکی دەبینێت بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی. سەرەڕای بەرزبوونی نرخی یاریزانەکە و گرێبەستە درێژخایەنەکەی لەگەڵ گاڵاتەسەرای، بەڵام بارسێلۆنا سوورە لەسەر ئەوەی بیگوازێتەوە ریزەکانی لەبەرئەوەی داهاتووی لیڤاندۆڤسکی نادیارە، دۆخی دارایی بارسێلۆنا ناجێگیرە و کاریگەری لەسەر گواستنەوەکان دەبێت.
بارسێلۆنا جارێکی دیکە سەرنجی لەسەر ڤیکتۆر ئۆسێمین، هێرشبهری 26 ساڵەی نایجیری چڕکردووەتەوە. ئەو هێرشبهره کە ئێستا لە گاڵاتەسەرای یاری دەکات، لە کاتی خۆیدا یەکێک بوو لە بژاردەکان بۆ شوێنگرەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی. هەرچەندە لیڤا ئارەزووی مانەوەی نیشانداوە، بەڵام داهاتووی دوای نادیارە و نازانرێت ئایا گرێبەستەکەی نوێ دەکرێتەوە یاخود نا، بۆیە ئۆسێمین یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی بارسێلۆنا.
کێشەکە لە نرخی ئۆسێمیندایە، کە گاڵاتەسەرای 75 ملیۆن یۆرۆی لەسەر داناوە و گرێبەستەکەی تاوەکو 2029 بەردەوامی هەیە، کە ئەمەش نرخێکی ئێجگار زۆرە بۆ ئەم دۆخەی ئێستای بارسێلۆنا کە تێیکەوتووە. گواستنەوەی یاریزانێک بەم نرخە زۆرە نزیکە لە ئەستەم، مەگەر یاریزانەکە خۆی بیەوێت یانەکەی بگۆڕێت، کە بارسێلۆنا زۆرجار ئەم کارتەی بە سەرکەوتوویی بەکارهێناوە.
ئۆسێمین بە هێرشبهرێکی ئاست بەرز و خاوەن توانایەکی جەستەیی بەهێز و ئاستێکی بەرز لە گۆڵکردن دادەنرێت. ئەم وەرزە ئامارەکانی قسە دەکەن و لە 9 یارییدا لەگەڵ گاڵاتەسەرایدا 6 گۆڵی تۆمارکردووە.
هەرچەندە لە چەند یارییەکدا بەهۆی پێکانەوە بەشداری نەکردووە، بەڵام تواناکانی لە گۆڵکردندا مایەی سەرنجی بارسێلۆنان. گواستنەوەی ئۆسێمین بەتەواوی پشت بە دۆخی دارایی بارسێلۆنا دەبەستێت.
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا، نوێکردنەوەی گرێبەستی لیڤاندۆڤسکی و گواستنەوەی هێرشبهرێکی نوێی بۆ یانەکە راگرتووە و پێدەچێت گواستنەوەی ئۆسێمینی هێرشبەری نایجیری گاڵاتەسەرای چارەسەری کێشەی هێرشبەریی بارسێلۆنا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ