رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا سبەی چوارشەممە دەوامی فەرمی هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت، کاژێرێک درەنگتر دەستپێبکات بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەر و مامۆستایانی عێراق دەرفەتی ئەوەیان هەبێت سەیری یاریی چارەنووسسازی عێراق بەرامبەر بۆلیڤیا بکەن.
بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە کاژێر 06:00 بە کاتی بەغداد، هەڵبژاردەی عێراق لە شاری مۆنتێری مەکسیک، لە یاریی کۆتایی پاشکۆی جیهانی رووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا دەبێتەوە و براوەی یارییەکە بلیتێکی مۆندیال بەدەستدێنێت، کە عێراق تەنیا یەک جار لە ساڵی 1986 بەشداری لە مۆندیالدا کردووە لە مەکسیک و عێراقییەکان خەون بەوە دەبینن دوای 40 ساڵ جارێکی دیکە هەڵبژاردەکەیان بەشداری لە مۆندیالدا بکاتەوە.
بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی فەرمانگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیار دراوە سبەی چوارشەممە دەوامی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە کاژێر 9ـی بەیانی دەستپێکات لەبری کاژێر 8 بەمەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ بینینی یاریی هەڵبژاردەی نیشتمانی بەرامبەر بۆلیڤیا.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەروەها بڕیاریشی دا پاداشتی دارایی گەورە و شایستە بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەکە تەرخان بکرێت لە ئەگەری سەرکەوتنیان بۆ کۆتایییەکانی جامی جیهانی 2026 کە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
لە بەرامبەردا سەرۆکی بۆلیڤیاش بۆ پشتگیریکردنی هەڵبژاردەی نیشتیمانی وڵاتەکەی بڕیارێکی لە بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانیدا داوە.
رۆدریگۆ پاز پێرێرا، سەرۆکی بۆلیڤیا، بۆ هاندانی جەماوەرەکەی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند کە یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر عێراق بەشێوەیەکی بێبەرامبەر لە شاشەی تەلەڤزیۆنی فەرمی بۆلیڤیاوە پەخش دەکرێت.
رۆدریگۆ پاز داوای لە جەماوەری هەڵبژاردەی بۆلیڤیا کرد کە لە دەوری هەڵبژاردەکەیان کۆببنەوە و پاڵپشتی بکەن بۆ بەدیهێنانی خەونی سەرکەوتن بۆ کۆتایییەکانی جامی جیهانی.
هەڵبژاردەی بۆلیڤیا 3 جار بەشداریی لە کۆتایییەکانی جامی جیهانیدا کردووە؛ لە ساڵانی 1930، 1950 و 1994 و هەر سێجار لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ماڵئاوایی لە مۆندیال کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ