رووداو دیجیتاڵ
مەشقەکانی هەڵبژاردەی بۆسنە رووداوێکی سەرنجڕاکێشی بەخۆوە بینی پێش یارییەکەیان بەرامبەر ئیتاڵیا لە یاریی کۆتایی پاڵاوتنی ئەورووپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
هەڵبژاردەی بۆسنە لە یاریی پێشکۆتایی پاشکۆکەدا بەرامبەر بە وێڵز بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بردنەوەیەکی زەحمەتی بەدەستهێنا. لە لایەکی دیکەوە، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەئەنجامی 2-0 لە ئێرلەندای باکووری بردەوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییە بۆسنییەکان، دەستەی تەکنیکی بە سەرۆکایەتی سێرجی باربارێز هەستیان بە هەبوونی سیخوڕێکی ئیتاڵی کردووە کە خەریکی وێنەگرتنی مەشقەکان بووە.
ئەندامانی دەستەی تەکنیکی هەڵبژاردەی بۆسنە تێبینی کەسێکیان کردووە کە جلی سەربازی لەبەردابووە لە یاریگای مەشقەکان و بە دزییەوە وێنەی راهێنانەکانی گرتووە.
دەستەی تەکنیکی داوایان کرد ئەو کەسە دووربخرێتەوە و لە یاریگای مەشقەکان دەربکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو جلانەی لەبەریەتی ئاڵای ئیتاڵیای پێوەیە.
هەڵبژاردەی بۆسنە لە مێژووی خۆیدا تەنیا یەکجار گەیشتووەتە یارییەکانی مۆندیال، ئەویش لە ساڵی 2014 بوو کە لە بەرازیل بەڕێوەچوو. لەو کاتەدا هەڵبژاردەی بۆسنە لە قۆناخی کۆمەڵەکان ماڵئاوایی کرد دوای دوو شکست و تەنیا یەک بردنەوە.
هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش هیوادارە بگەڕێتەوە بۆ یارییەکانی مۆندیال، دوای ئەوەی لە دوو خولی رابردوودا نەیتوانیبوو بەشداری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ